سەرکەوتنی ترەمپ دەرفەتێکە بۆ کونترۆڵ کردنی ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سووریا لەلایەن تورکیاوە

بەشی جیهان- پەیمانگەی برۆکینگز هۆشداری دەدات گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی دەرفەتێکی زێڕینە بۆ تورکیا بۆ ئەوەی کە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سووریا زیاتر کۆنترۆڵ بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەیمانگەی برۆکینگز لە وتارێکدا ئاماژەی کردووە بە تێڕوانینی ئەرێنیی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان بۆ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕکابەریی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماریی ئەمریکا.

لە ڕوانگەی ئەم پەیمانگایەوە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا تورکیا توانی وێڕای فەراهەم کردنی بەستێنی کشانەوەی نیوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا بەشێک لەو ناوچانەی لە ساڵی ۲۰۱۹دا داگیر بکات.

پەیمانگەی برۆکینگز ئاماژەشی کردووە بە پێوەندیی نزیکی نێوان ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و باسی لە تامەزرۆ بوونی ئەردۆغان بۆ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی کردووە.

هەر بەگوێرەی شیکاریی پەیمانگەی برۆکینگز، ئەردۆغان هیوادارە پاش گەڕانەوەی ترەمپ بتوانێت ئەمریکا هان بدات بۆ کشانەوەی هەموو هێزەکانی لە کوردستانی سووریا و ئەو کارەی بە نیوەچڵی هێشتوویەتەوە کۆتایی پێبێنێت، ئەوەش کونترۆڵ کردنی تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریایە.

بەبڕوای پەیمانگەی برۆکینگز ترەمپیش مەیلێکی زۆری بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا نییە و نایەوێت خۆی گیرۆدەی ململانێی نێوان تورکیا و کوردەکانی سووریا بکات.

ئەم پەیمانگایە لە کۆتاییدا هۆشداری دەدات گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات بەواتای سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیایە لە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سووریا.

News Code 223322

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha