شتێک نەماوە بە ناوی حکوومەتی هەرێمەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان ده‌ڵێت، "شتێک نەماوە بە ناوی حکوومەتی هەرێمەوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی گواستنەوەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ نێو حکوومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "حکوومەت نەماوە، حکوومەتێک نەتوانێت لە پێناو بەرژەوەندەی گەلەکەی کاربکات و ئیدارەدانێکی تەندروستی هەمو ناوچەکانی پێ نەدرێت، کەواتە بوونی نەماوە".

رابیحە حەمەد دەڵێت، "تیمی پارتی لە ناو حکوومەتی هەرێم تاکڕەوانە کاردەکات و دەسەڵاتەکانی قۆرخکردوە، بۆیە پێشتریش وتوومانە ئەم حکوومەتە سەرکەوتوو نابێت، ئەوەی ئێستا دەبینین دەرئەنجامی ئەو تاکڕەوانە کارکردنەیە".

لە مانگی 10ی ساڵی 2022، کێشەی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە نێو حکوومەتی هەرێم تەقییەوە، دوای تۆمەتبارکردنی ژمارەیەک پلەداری دژە تیرۆری یەکێتی بە کوشتنی عەقیدێکی دژە تیرۆر لە هەولێرو تاوانبارکردنی پارتی بەگەمارۆی ئابووری خستنە سەر سلێمانی.

یەکتری تۆمەتبارکردنی تیمی یەکێتی و پارتی لە نێو حکوومەتی هەرێم بوەهۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانی و تیمەکەیەوە، بەڵام لە مانگی 5 ی ساڵی 2023 نێوانیان تاڕادەیەک ئاسایی بوەوە دوای ئەوەی مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی پێکەوە کۆبوونەوە.

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕەتیدەکاتەوە حکوومەتی هەرێم بوونی نەبێت، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە حکوومەتی هەرێم ئیش و کارەکانی خۆی ڕادەپەڕێنێت.

شوان محەمەد باس له‌وه‌ده‌كات، "یەکێتی لەدەسەڵاتدایە و دەبێت بەرەنگاری فشارەکانی سەر هەرێم ببێتەوە، کەچی وەکوو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکات، یەکێتی بەیاننامە بۆ پشتگیری دادگای فیدڕاڵی دەردەکات و خەریکە دەچێتە سەنگەری ئەوانەی دژی حکوومەتی هەرێم کاردەکەن".

بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، لابردنی 11 کورسی کۆتاکان و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی، هێندەی دیكه‌ ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی قوڵتر کردەوە بەو پێیەی بڕیارەکەی دادگا لەسەر سکاڵای فراکسیۆنی یەکێتی بوو.

شوان محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی پێیوایە، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی و حزبەکان کاریگەری خراپی هەبوە و وایکردووە نەتوانرێت بەیەکگرتوویی داکۆکی لە مافە دەستورییەکان بکرێت.

شوان محەمەد وتیشی، "بەغداو لایەنی هەرێمی بەجدی کارلەسەر قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێو هەرێم دەکەن، ئێستا قۆناغێکی ترسناکتر دەستیپێکردوە و بەغدا کار لەسەر دروستکردنی ناکۆکی لەنێو فەرمانبەران و حکومەتی هەرێم دەکات".
شایانی باسە 22ی ئه‌م مانگه‌، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەربڕی، ئەوەش نیگەرانیی پارتی و تیمەکەی لەنێو حکوومەتی هەرێم لێکەوتەوە بەو پێیەی پارتی بڕیارەکانی دادگا بە دژایەتیکردنی قەوارەی هەرێم دەبینێت.

دوای پاڵپشتییەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ دادگای فیدڕاڵی، لە ڕاگەیەنراوێکدا پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت خۆفرۆشان لایان گرنگ نییە چەند مافی دەستوری کوردستان بەدەستەوە دەدەن".

دواتریش سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، "لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کەسێکمان نییە و نەبوە وەکو وتەبێژ. لە بری تۆمەت بەخشینەوە باشتربوو هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بدەین".

News Code 223268

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha