داوامانلێکراوە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ ماوەى دوو مانگ دوابخرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت داوامان لێکراوە هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەى دوو مانگ دوابخرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاندووە: دەستیان بە ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کردووە و لایەنى دارایى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئامادەکراوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، " داوامان لێکراوە هەڵبژاردن بۆ ماوەى دوو مانگ دوابخرێت، بەڵام بەگوێرەى بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێراق، ئێمە ناچارین هەڵبژاردن لەوادەى دیاریکراوى خۆى بەڕێوەببەین".

گوتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق جەختى لەوەشکردووەتەوە، لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، هەر دەنگدەرێک پەنجەمۆرى نەبێت ناتوانێت دەنگ بدات، رەتیشیکردەوە کە نەخوێندنەوەى 20%ـى پەنجەمۆرى دەنگدەران راستبێت.

ناوبراو گوتیشى، "هەموو ئامادەکاریەکمان کردووە و سەرچاوەى پێویستمان لەبەردەستە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، تەمەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە 7ـى تەمووز کۆتاییدێت.

جومانە غەلاى جەختى لەوەشکردووەتەوە، "ئامادەکاریى دەکەین بۆ وەڵامدانەوەى ئەو داواکارییەى لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە پێمانگەیشتووە".

پێشتر سەرچاوەیەکى ناو کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ کەناڵ8 ئاشکرایکردبوو، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە رێگەى نامەیەکەوە چەند داواکارییەکى ئاڕاستەى کۆمیسیۆن کردووە.

باسى لەوەشکرد، لە داواکارییەکاندا هاتووە کە بنکەى سەرەکى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان بکرێت بە بارەگاى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق و كورسییه‌كانی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ش زیادبکرێت.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان داواشى کردووە، لیژنەى تەکنەلۆجیی هەرێمى کوردستان دەسەڵاتیان لە کۆمیسیۆندا هەبێت، چونکە 20%ـى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان کێشەى پەنجەمۆریان هەیە.

News Code 223230

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha