بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ۱۴ى ئادارى ۲۰۲۴، شەش پارتى کریستیان لە ڕاگەیێندراوێکدا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنى دەنگدان لە نێو پێکهاتەکەدا.
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ۱۰ى حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتایى پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسیان بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمانەکان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەنە، لە دواى ئەوەى لە ۲۱ى شوبات دادگەى باڵاى فدراڵى عێراق ئەو کورسییانەى هەڵوەشاندەوە.
ئەو پارتە کریستیانانە لە ڕاگەیێندراوەکەدا دەڵێن: "هەر کەسێک لە رێگەى لیستە گشتییەکانەوە بگاتە پەرلەمان، نوێنەرایەتى ئێمە ناکات و پابەند نابین بە هەڵوێست و سیاسەتەکانى و بەشێک دەبێت لەو ئەجێندا سیاسییەى بۆى هاتووەتە پەرلەمان.
شەش پارتە کریستیانەکە بریتین لە: بزووتنەوەى دیموکراتی ئاشوورى، پارتى یەکێتیی بەیت نەهرەینى نیشتمانى، پارتى دیموکراتی ئاشوورى، ئەنجوومەنى گەلى کلدان سریان ئاشوورى، پارتى ڕۆڵەکانى نەهرەین و پارتى بەیت نەهرەینى دیموکراتی.
۱۱ى ئادارى ۲۰۲۴ ، نۆ پارتى دیکەى کریستان بەهۆى هەڵوەشاندنەوەى کورسیی کۆتاى پێکهاتەکانەوە بایکۆتى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند.
رۆژێک دواتر و لە ۱۲ى ئاداردا ۱۰ حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نەهێشتنی کورسی کۆتا، بایکۆتی هەڵبژاردنیان راگەیاند و جەختیان کردەوە کە "تاوەکوو ئەوکاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن.
Your Comment