بەغدا هەر بڕیارێک تایبەت بە هاوپەیمانان بدات هەولێر پێوەی پابەند دەبێت

بەشی جیهان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوەڵامی پرسيارێکدا کە ئایا هەرێم جوگرافیای جێگرەوەی عێراق دەبێت بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند "سیاسەتی ئێمە ئەوەیە هەر بڕیارێک کە بدرێت لە چوارچێوەی جوگرافیای عێراقدا دەبێت، هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق پابەند دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە حەدەسی سعوودی لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند،   سەرۆک وەزیرانی عێراق وەسفێکی بۆ ئەو کارانەی ئەو گرووپانە کرد و بە کردەوەی تیرۆریستی ناوی بردن. ئەوەی ئەم گرووپانە دەیکەن، یەکەمجار پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە، هیچ مەعقوول نییە عێراق خۆی داوای لە هێزێک کردووە بێت یارمەتی بدات، ئینجا ئێستا بە ناردنی درۆن و هەڕەشە، داوا دەکات ئەم هێزە بچێتە دەرەوه،‌ یان لێرە نەمێنێت.

بارزانی دەشڵێت "ئەم هێزانە هیچ ڕوانگەیەکی ڕوونیان نییە و لە تاریکیدا ماونەتەوە. ئەمانە دەیانەوێ عێراق بەرەو کوێ ببەن؟ بە دڵنیایییەوە دەمەوێ ئەوەش بڵێم ئەگەر پرسەکە سەروەریی عێراقە، بێ­گومان ئەمانە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق عێراقیتر نین. سەرۆک وەزیرانی عێراق دەزانێت بەرژەوەندیی عێراق بە چ شێوەیەکە و لە کوێدایە؟ بە بۆچوونی من هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەم کردەوە خراپانەی ئەم گرووپانە ئەنجامی دەدەن. پرسەکە هەر ئەوە نییە کە هەڕەشەیان لە ئەمریکا کردووە، بەڵکوو لە هێزی پێشمەرگەیان داوە، لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی پاراستنی عێراق، هەروەها لە هاووڵاتیانی سڤیلیشیان داوە. پێشتریش هەوڵیان داوە، دەبێت سنوورێک بۆ ئەمە دابنرێت. زۆر باسی سەروەریی عێراق دەکەن، ئەوانەی سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن، بەرلە هەموویان ئەم گرووپانەن کە ناهێڵن سەرۆک وەزیران کاری خۆی بکات وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان. ئەوانەی کە هەم لە ناوەوە و هەم لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا عێراق بێ بەها دەکەن، بەداخەوە هەر ئەو کردەوانەن کە ئەم گرووپانە ئەنجامی دەدەن".

ئاماژەی بەوەشکرد "داعش یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیر کردبوو، بەڵام سەنگەرەکان دیار بوون. ئەمە داعش بوو، ئەمانەش ئەو هێزانە بوون کە بەرامبەریان وەستا بوون، هێزەکان سوپای عێراق بوون، پێشمەرگە بوون، حەشدی شەعبی بوون. بە بۆچوونی من ئەوەی ئێستا هەیە زۆر سەختترە لەوکات، چونکە هەڕەشەکە لە دەرەوە نییە، هەڕەشەکە لەناو ماڵی خۆتە، هەڕەشەکە لە گرووپێکەوەیە کە پارە لە حکوومەتی عێراق خۆی وەردەگرێت. ئەمە زۆر خراپترە لەوی دیکە و ناشزانی چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەی؟! نە سەنگەرەکە دیارە، نە دیارە لە کوێوە‌ شەڕت لەگەڵدا دەکات! بە بۆچوونی من ئەوەی ئێستا دەکرێت و ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، زۆر زۆر سەختترە لە بابەتی داعش".

News Code 223080

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha