هه‌نگاوی جدی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هه‌ڵگیراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاندی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری یۆنامی له‌گه‌ڵ کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق کۆ بوونه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌: مه‌به‌ستی کۆبوونه‌وه‌که‌، تاوتوێ­کردنی هه‌نگاوه‌کانی ئاماده‌کاریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان بوو، سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم و حکوومه‌تی هه‌رێم، ئاماده‌ییی ته‌واویان بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی شه‌فاف و پیشه‌یییانه‌ ده‌ربڕی.

سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردووه‌: "سه‌رۆکایه‌تی ئێمه‌ و حکوومه‌تی هه‌رێم وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوودا هه‌نگاوی جدیمان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن هه‌ڵناوه‌ و ئه‌رکی یاساییی خۆمان به‌جێگه‌یاندووه‌، ئێستاش به‌ هه‌مان په‌رۆشی و ڕژدییه‌وه‌ هه‌موو کارێکی پێویست ئه‌نجامده‌ده‌ین بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی سه‌رکه‌وتوو له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامبدرێت".

‏‎له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا، کۆمسیۆن باسی ڕێکاره‌ ته‌کنیکییه‌کان و دابه‌شکردنی کات بۆ هه‌نگاوه‌کانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیان له‌ چوارچێوه‌ی کاتی به‌رده‌ستی یاساییی ته‌مه‌نی کۆمسیۆندا خسته‌ڕو، له‌ هه‌مانکاتدا نوێنه‌ری یۆنامیش ئاماده‌یی نیشاندا که‌ هاوکاری هه‌مو هه‌نگاوه‌کان بن بۆ سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌، ‏‎له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جه‌ختکرایه‌وه‌ که‌ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوودا هه‌نگاوی جدییان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵناوه‌ و ئه‌رکی یاساییی خۆیان به‌جێ گه‌یاندووه‌، ئێستاش به‌ هه‌مان په‌رۆشی و ڕژدییه‌وه‌ هه‌موو کارێکی پێویست ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی سه‌رکه‌وتوو له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام بدرێت.

News Code 223071

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha