بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەیمانگای Think global health سەربە ئەنستیتۆی ئەنجومەنی پێوەندییەکانی دەرەوە و زانستگای واشنتۆن هۆشداری بەیارەی پاشهاتەکانی هێرشی ئاسمانی بەربڵاوی تورکیا بۆسەر ژێرخانە ناسەربازییەکان لەناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا لەلایەن تورکیاوە دەدات.
ئەم پەیمانگا ئەمریکییە هۆشداری داوە هێرشەکانی شەش مانگی ڕابردووی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا بەشێکی بەرچاو لە ژێرخانی تەندورستی، ئاو و کارەبا و گەیاندنی سووتەمەنیی خاپوور کردووە و لانیکەم 3 ملیۆن کەس کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم هێرشانە و پێویستیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانە.
پەیمانگای Think global health پێیوایە ئەمریکا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هۆکاری هێرشەکانی تورکیایە بۆسەر کوردەکانی سووریا چوونکە واشنتۆن فڕۆکەی F16ی داوە بە تورکیا و دەیهەوێت نەوەی نوێی ئەو فڕۆکانەش بە ئەنقەرە بدات.
پەیمانگاکە داوا لە ئەمریکا دەکات پێدانی نەوەی نوێی ئیف 16 بە تورکیا ڕابگرێت و بوودجەیەکیش بۆ یارمەتیدانی کوردەکانی سووریا تەرخان بکرات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنانەی بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە خەساریان بەرکەوتووە.
Your Comment