گوهدار زێباری، یەکێک لە سزادراوانی بادینان ئازادکرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای سێجار حوکمدانی بە زیندانیکردن، ڕۆژی شەممە ۱۷ی شوبات رۆژنامەنووس گوهدار زێباری ئازادکرا، ئەوەش لەدوای تەواوکردنی حوکمەکەی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان هەواڵەکەی پشتڕاستکردۆتەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا وتوویەتی، گوهدار زێباری پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ۱۷ی ۲ی ۲۰۲۴، ئازاد کراوە.

هاوکات ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان لە ڕاگەیەندراوێکدا وتویەتی: "دوای ۱۲۱۳ ڕۆژ و سێ جار تەواوبوونی ماوەی زیندانیکردنی و فشارێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و چاوەروانییەکی تاقەتپروکێنی کەسوکار و گشت لایەک، دواجار ئەمڕۆ ڕۆژنامەنوس گوهدار زێباری بە شێوازێکی ناشیرین لە بەرامبەر فامیلی مۆڵی هەولێر بەبێ ئاگاداری کەسوکارەکەی کە لەبەردەم ئاسایش بون، ئازادکرا."

گوهدار زێباری و چوار چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی تری بادینان لە ۱۶ـی شوباتی ۲۰۲۱ بە تۆمەتی سیخوڕی و هەوڵدان بۆ کودەتا و ئاژاوەگێڕی لەلایەن دادگای تاوانه‌کانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانیکردن حوکمدران.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دواتر سزای ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی بەڕێژەی لەسەدا ۶۰ کەمکردەوە جگە لە شێروان شێروانی کە سزاکەی بەڕێژەی لەسەدا ۵۰ کەمکرایەوە.

ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری دەبوو لە ۱۶ـى مانگى ئادارى ۲۰۲۳ ئازاد بکرایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو کات دۆسییەکى دیکەی لە دادگای کەتنی هەولێر بۆ کرایەوە، بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆى ئۆتۆمبێلەکەی، پێنج مانگی دیکە سزای بەسەردا سەپێندرا.

بۆ جاری سێیەمیش ئەو ڕۆژنامەنووسە بە شەش مانگ زیندانیکردن لە ۱۰ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۳ حەکمدرا، ئەوەش دوای تۆمەتبارکردنی بە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت.

ئەیهان سەعید وتووشیەتی، ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانانەی دیکەی بادینان کە لە زینداندا ماون "مەترسی جدی تیرۆری بایلۆجی لەسەر ژیانیان هەیە و دەسەڵات پیلانێکی دیکەی بۆ بێدەنگکرنی دەنگە ناڕازییەکانی ئەو دەڤەرە داڕشتوە و ڕێگەنادات بەشداری لە هیچ چالاکییەکی مەدەنیدا بکەن".

News Code 223064

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha