ده‌توانین ده‌ستبه‌رداری سزاکانی سەر سلێمانی‌ بین، ئه‌گه‌ر خۆیان له‌ پەکەکە دووربخه‌نه‌وه‌

بەشی تورکیا- وەزیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئاماده‌ن گه‌مارۆکانیان له‌سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی هه‌ڵبگرن و گه‌شته‌کان ده‌ستپێبکه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر یه‌کێتی هاوکاریه‌کانی بۆ په‌که‌که‌ ڕابگرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاکان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵی A Haber ڕایگه‌یاند: یه‌کێتی له‌ سلێمانی هاوکاری په‌که‌که‌ ده‌کات که‌ ئه‌مه‌ش پرسێکه‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ له‌ کارنامه‌ی ئێمه‌دایه‌، بابه‌تێک بوو که‌ ئێمه‌ زۆر به‌ وردی به‌دواداچوونمان کرد، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕووی هه‌واڵگرییه‌وه‌، زۆر هه‌وڵماندا ئه‌م پرسه‌ به‌ بێ‌ده‌نگی چاره‌سه‌ر بکه‌ین، چ وه‌ک میتۆدێکی دیپلۆماسی و چ وه‌ک خه‌باتێکی پێویست، پێش ئه‌وه‌ی به‌ ئاشکرا بۆ ڕای‌گشتی بیخه‌ینه‌ڕوو.

ناوبراو وتیشی: "زۆر جار له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی یه‌کێتی له‌ سلێمانی کۆ بووینه‌وه‌ و هه‌رجاره‌یه‌ک هه‌مان قسه‌مان ده‌کرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو ده‌مانه‌وێت خۆتان له‌ په‌که‌که‌ دووربخه‌نه‌وه‌، چوونکه‌ په‌که‌که‌ ژێرخانی سلێمانی به‌کارده‌هێنن و ناسنامه‌یان پێده‌درێت و ژینگه‌یه‌کی له‌باریان بۆ ڕه‌خسێندراوه‌، ئێمه‌ش چاوه‌ڕوان ناکه‌ین یه‌کێتی ڕاسته‌وخۆ به‌ره‌نگاری په‌که‌که‌ ببێته‌وه‌، چوونکه‌ له‌ هاوسه‌نگی هێزه‌کان تێده‌گه‌ین، بۆیه‌ ئێمه‌ شه‌ڕه‌که‌ ده‌که‌ین و ته‌نها نامانه‌وێت ئێوه‌ هاوکاریان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ هاوکاریه‌کان به‌رده‌وام بن، ده‌چنه‌ ناو لیستی سزاکانی تورکیاوه‌".

هاکان فیدان ئه‌وه‌شی‌خسته‌ڕوو، "هه‌وڵێک هه‌بوو، دووباره‌ و سێباره‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک هه‌نگاو بنرێت بۆئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌نجام، به‌ڵام هیچ نیازێکمان نه‌بینی و نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌نجام هه‌ربۆیه‌ ئێستا له‌ ڕێگه‌ی سزاکانه‌وه‌ قۆناغ به‌ قۆناغی ده‌ستمان کردووه‌ به‌چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه‌".

له‌باره‌ی گه‌مارۆکانی سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، هاکان فیدان ڕایگه‌یاند، "گه‌شته‌کانمان زۆر سنووردار کرد و گه‌مارۆیه‌کی زۆر جدیمان خستۆته‌سه‌ر سلێمانی، واته‌ ئیتر ئه‌وان ناتوانن ئاسمانی تورکیا بۆ هیچ گه‌شتێک به‌کاربهێنن، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ی 60-70%ی گه‌شته‌کانی فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی ڕاگیراون، له ‌ئه‌نجامیشدا چالاکیه‌ ئاسمانیه‌کان بۆ هه‌ولێر گواسترانه‌وه‌".

ناوبراو ده‌شڵێت، "ناکۆکی و کێبڕکێیه‌کی توند له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانی هه‌یه‌، هه‌ولێر سوودی زیاتری بینیوه‌ به‌هۆی نزیکی زیاتری له‌ئێمه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر". ئێمه‌ هه‌میشه‌ به‌ سلێمانی ده‌ڵێین ده‌توانین ده‌ستبه‌رداری ئه‌م سزایه‌ بین، ئه‌گه‌ر خۆتان له‌ تیرۆر دووربخه‌نه‌وه‌.

News Code 222997

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha