بەشێک لە فەرمانگە حکوومیەکانی شاری سلێمانی بایکۆتیان ڕاگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە ئێستادا شەپۆلێک ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری فەرمانگەکانی سلیمانی گرتووەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەو فەرمانگانە بەرزدەبێتەوە کە بایکۆتی دەوام دەکەن بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیانەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆیش هەریەک لە فەرمانگەکانی کارەبا و دادنووسی ٢ی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند و نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆی تایبەت بە چاو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بایکۆتی کارەکانیان کردووە و دواتر لە پێشنیوەڕۆدا دەستیان پێکردووەتەوە.

لەم بارەیەوە پەیامنێری هاوڵاتی لە سلێمانی ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەی دادنووسی ۲ی بەتەواوی بایکۆتی دەوامیان ڕاگرت و هیچ کاروبارێکی هاوڵاتیان جێبەجێ ناکەن هاوکات بەشێکی زۆری کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبایی سلێمانی مانیان لە کارەکانیان ڕاگەیاندووە بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە".

جێگەی‌باسە دوێنێ یەکشەمەش سەرجەم کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی مانگرتنیان ڕاگەیاند و کارەکانیان ڕاگرت بەڵام ئەمڕۆ مانگرتنەکەیان شکاند و گەڕانەوە سەر کارەکانیان، سەرچاوەیەک بە پەیامنێری هاوڵاتی وت کارمەندانی هاتوچۆی سلێمانی مۆڵەتی هەفتەیەک دەدەنە لایەنی پەیوەندیدار ئەگەر کێشەی مووچەیان چارەسەر نەبێت، بەتەواوی بایکۆت ڕادەگەیەنن.

لەم پەیوەندەدا زیاتر لە چوار مانگیشە مامۆستایانی سنووری سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیانەوە و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دەستپینەکەردنەوەی پلە بەرزکردنەوە بایکۆتی سەرتاسەرییان ڕاگەیاندووە و پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانە وەستاوە هاوکات ڕۆژی یەکشەممەش خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ئەنجام درا.

ماوه‌ی 46 رۆژه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان مووچه‌یان وه‌رنه‌رگرتووه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ مانگی شوبات نزیک ده‌ینه‌وه‌، فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران مووچه‌ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوویان وه‌رنه‌گرتووه‌ و هیچ ئاسۆیه‌کیش دیاری نییه‌ بۆ ده‌ستپێکردنی مووچه‌کانیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانیش دەڵێن، چیتر ئەو بارودۆخە قبووڵ ناکەین و لە بایکۆت و خۆپیشاندان بەردەوام دەبین.

News Code 222963

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha