حکوومەتی هەرێم بەبێ پارەی بەغدایش دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ته‌نها له‌ڕێگه‌ی داهاتی نه‌وت و ناوخۆوه‌ حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت له‌ئێستادا مووچه‌ی دوو مانگی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم دابه‌ش بکات به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ ڕه‌وانه‌ بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ڕایگه‌یاند، داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان له‌ئێستادا ۳۴۰ ملیار دیناره‌، به‌ڵام زیاتریشه‌ و هه‌ندێک ده‌ڵێن ۵۰۰ ملیار دیناره‌ و هه‌ندێکی بۆ حزب ده‌ڕوات، به‌ڵام هه‌ر ۳۴۰ ملیار دیناره‌که‌ هه‌ژمار بکه‌ین ده‌کاته‌ نزیکه‌ی ۲۵۰ ملیۆن دۆلار ده‌کات.

ناوبراو وتیشی، "داهاتی نه‌وت کە له‌ئێستادا ۲۵۰ هه‌زار به‌رمیل به‌قاچاخ ده‌فرۆشرێت و داهاتی مانگانه‌که‌ی ده‌گاته‌ ۵۰۰ ملیۆن دۆلار، وای دابنێن نیوه‌ی ده‌ڕوات بۆ خه‌رجیه‌کانی و هێشتا ۲۵۰ ملیۆن دۆلار ده‌مێنێته‌وه‌".

شاسوار عەبدولواحید ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، "هه‌موو پاره‌ی پێویست بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ۶۰۰ ملیۆن دۆلاره‌، به‌ڵام چوار مانگه‌ داهاتی ناوخۆ هه‌ڵده‌گیرێت و یه‌ک دینار نه‌دراوه‌ به ‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، له‌م ده‌قه‌یه‌دا حکوومه‌تی ماوه‌به‌سه‌رچوی هه‌رێم ده‌توانێت مووچه‌ی دوو مانگی فه‌رمانبه‌ران بدات، ناڵێم هه‌موو مانگێک داهاتی ناوخۆ به‌شی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌کات، به‌ڵام چوار مانگه‌ داهاتیان کۆ کردۆته‌وه‌ و ئاماده‌ نین مووچه‌ بده‌ن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "داواکارم له‌ هاوڵاتیان تکایه‌ سه‌ره‌مه‌گرن له‌فه‌رمانگه‌کان بۆئه‌وه‌ی پاره‌ بده‌ن به‌م حکوومه‌ته‌، هه‌تا ئه‌توانن پاره‌یان مه‌ده‌نێ و ئێمه‌ به‌ڵێنمانداوه‌ به‌شی زۆری ئه‌م باج و سه‌رانه‌یه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه‌، بۆیه‌ تکا ئه‌که‌م پاره‌ مه‌ده‌ن چوونکه‌ ئه‌م حکوومه‌ته‌ ماوه‌ی به‌سه‌رچوه‌ و ته‌نانه‌ت پاره‌که‌ ناداته‌ مووچه‌خۆرانیش".

News Code 222961

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha