هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲۰۲۳ دا هیچ داهاتێکی دارایی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی نەکردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند هەرێم لە ساڵی ڕابردوودا هیچ داهاتێکی ڕادەستی بەغدا نەکردووە، تەنها رۆژانە ۵۰ هەزار بەرمیل نەوتی ڕادەستی پاڵاوگە حکوومییەکان کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق،  عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەیی هەبووە و وەزیری دارایی دووپاتی کردوەتەوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲۰۲۳ دا هیچ داهاتێکی دارایی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی نەکردوە، تەنها ڕۆژانە ۵۰ هەزار بەرمیل نەوتی ڕادەستی پاڵاوگە حکومییەکان کردوە".

عەتوانی ئەوەشی خستوەتەڕوو: "لەگەڵ وەزیری دارایی تاووتوێی ئەو کێشانەیان کردووە کە روبەڕووی جێبەجێکردنی بودجە بونەتەوە، بەتایبەت بڕگەکانی دامەزراندن و گرێبەستەکان، رێشکەوتون لەسەر تەواوکردنی خشتەکانی هەژمارکردنی خەرجییە داراییەکان بەئامانجی دەستپێکردنیان لەساڵی ۲۰۲۴".

هاوکات نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەداوە کە کۆبوونەوەکەی لیژنەی بەئامادەبوونی وەزیری دارایی فیدڕاڵ بۆ بەدواداچوون بووە سەبارەت بە جێبەجێ کردنی بوودجەی ساڵی رابردوو گفتوگۆ کردن لەبارەی ئامادەکاری  هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ۲۰۲۴.

ئەوەشی خستوەتەڕوو کە لەوەڵامی پرسیارێکیدا لە وەزیری دارایی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم پێیڕاگەیاندین: "خەرج کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بوودجەی فیدڕاڵی لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە کە بەبڕی ۶۱۸ ملیار دیاریکراوە مانگانە بەردەوام دەبێت، بەمەرجێک هەرێم پابەندبێت بەناردنی زانیاری تەواویی لیستی ناوی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان و دەرماڵە و لێبڕینەکان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەک ئەوەی لە ناوەڕۆکی نووسراویان لە ۱۶ی ئەم مانگە ئاماژەی پێدراوە".

News Code 222910

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha