بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە وتارێکیدا لە دووەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەکەیان ڕایگەیاند: "هیوادارین کۆنفرانس سەکۆی کاری پێکەوەیی و بەخۆداچوونەوە بێت لەشێوازی کارکردندا، داوای لێبوردنیشتان لێدەکەین کۆنفرانسی دووەم لەبەر زۆر هۆکاری ناوخۆی و بابەتی لەکاتی خۆیدا نەبەسترا، بەڵام بۆ کاری هەستانەوەی گۆڕان هیچ کات درەنگ نیە، ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە بەئیرادەکی پتەوەوە هەنگاو بۆ رۆژگارێکی باشتری بزووتنەوەی گۆڕان بنێین".
ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاشیگەیاند: "مامەڵەی یەکێتی و پارتی لە بەغداد بۆ خۆیان یان هەریەکەیان بەتەنها وایانکردووە رۆڵی لایەنەکانی تر پشتگوێ بخەن و لەهەوڵی پلە و پۆستدابن بۆ خۆیانن".
ناوبراو وتیشی "ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لەژێر بارێکی دارایی قورسدا دەژین و مووچە و بوودجە بەسیاسی کراوە و ئەوەش بەهۆی سیاسیەتی هەڵەی بەناو ئابووری سەربەخۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم، هاوڵاتیان باجەکەی دەدەن".
عومەر سەید عەلی ئاشکراشی کرد: "لەبەردەم لێکەوتەوە و مەترسی نوێداین، بەهۆی ناتەبایی و پەرتەوازەی هەرێمەوە دەشێت پریشکی شەڕ هەرێم بگرێتەوە کە هیچ گەرەنتیەک بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لەئارادا نیە".
ئەوەشی خستەڕوو: "لەدوای ڕووخانی بەعسەوە هیچ کاتێک بەهێندە ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسی دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبووە و مەترسی وڵاتانی هەرێمی لەسەر حکوومەتی هەرێم زیاتر بووە، بەتایبەت دابەشبوونی دوو حزبەکەی هەرێم بەسەر وڵاتانی هەرێمی".
ئەوەشی وت: " گەندەڵی و ململانێ لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەتی و حزبی و بنەماڵەی هۆکاری سەرەکی لاوازبوونی پێگەی هەرێم، بێباکی پارتی و یەکێتیش بەرامبەر داخوازی خەڵک مەترسیەکی جدییە لەسەر هەرێم بەئاڕاستەی ڕووکردنە بەغدا و پشتکردنە دەسەڵاتی خۆماڵی".
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا رێکخەری گشتی گۆڕان ڕەخنەی توندی لە ئەدای تیمی حکوومی بزووتنەوەکەی گرت و وتی: "بەشێکی شکستی جێبەجێنەکردنی کارنامەی ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێم ڕرووی تیمە حکوومییەکەی بزووتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە، کە نەیانتوانی کاریگەریان هەبێت لەسەر جێبەجێ کردنی کارنامەکەی گۆڕان لە حکوومەت، بەئاڕاستەی وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی هاووڵاتیان".
ئەوەشی وت: "بەشێک لەگۆڕانەکان بەهۆکای شەخسی و بەرژوەندی تایبەت پابەند نەبوون بە بەڵێنی سیاسی و یاسای و ئەخلاقیەکان و بزووتنەوەکەیان بەجێهێشت کە زۆرینەیان ئیتمیازاتی مادی و مەعنەویان لە گۆڕان چنییەوە".
Your Comment