بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم هۆشداری دەدات لە زیادبوونی هێرشە درۆنیەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەو هێرشە درۆنیانەی ماوەیەکە دەکرێتە سەر پارێزگای هەولێر و لەمبارەوە بەهاوڵاتی-ی وتووە: "هێرشە دۆرنیەکان دەبێتە مایەی تێکچوونی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق، چوونکە رۆژانە هێرشەکان دەکرێت، کاریگەری دەرونیشی بۆ سەر دانیشتوانی هەولێر دەبێت، بەتایبەت دەنگی تەقینەوەی درۆنەکان لەناوچە نیشتەجێبوونەکان و دڵەڕاوکێ لەناو هاووڵاتیاندا دروست دەکات".
جەبار یاوەر ڕاشیگەیاندووە: هێرشە درۆنیەکان کاریگەری بۆ سەر هاتووچۆو گەشتی فڕۆکە مەدەنیەکانیش دەبێت لە فڕۆکەخانەی هەولێر یان ڕاگرتنی تەواوی هاتنی هەندێک فڕۆکەی کۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ هەولێر.
ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی: "هێرشە درۆنیەکان کاریگەری لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێت، چوونکە زۆر کۆمپانیا کە لە هەرێم وەبەرهێنان دەکەن بەهۆی سەقامگیری دۆخی هەرێمەوە هاتوون و لێرە وەبەرهێنان دەکەن، بۆیە ئەگەر هێرشە درۆنیەکان بەردەوام بێت ڕەنگە ئەو کۆمپانیایانە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئاسایش بکەن و کارەکانیان ڕابگرن و کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕ و ئابووری هەرێم دەبێت".
جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو "بەیاننامەکەی حکوومەتی هەرێم توند بووە، وەڵامەکەی حکوومەتی عێراقیش توندتر بووە، دیارە ئەوەش پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدای ئاڵۆز کردووە".
لەبارەی وەڵامدانەوەی سەربازی هەرێمیش بۆ ئەو گرووپانەی کە هێرشی درۆنی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر دەڵێت: "مافی هەرێمە بەرگری لەخۆی بکات و وەڵامی دەستدرێژیی هەر گرووپێکی چەکداری بداتەوە، بەڵام بەومەرجەی لێوەی دیار بێت کە ئەو چەکدارانە لە کوێوە دەستدرێژی دەکەن".
Your Comment