بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باسم عەوادی لە وەڵامێکی تونددا بۆ وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ڕاگەیاندنەکەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم تێکەڵەیەک بوو لە زانیاری چەواشەکارانە و درۆی بێ بنەما.
ناوبراو جەختیش لەوە دەکاتەوە: "پەلەكردن لە بڕیاردان و دانی لێدوان كە وردبینی تێدا نییە، هاوکار دەبێت لە ئاڵۆزکردنی دیمەنی سیاسی و حکوومی، چوونکە ئەو لێدوانانە زیان بەسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەگەیەنن و لەگەڵ سیاسەتی حکوومەتی عێراق و بەرنامە نیشتمانییەکەی ناگونجێت، کە پوختەی بەرنامەکان پاراستنی بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەموو عێراقە."
باسم عەوادی گوتیشی: "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بەرپرسیارێتی حکوومەتی ناوەندییە و جیاوازی ناکات لە نێوان هاووڵاتییەکانی، بەڕاستیش چەند رێکارێک گیراوەتە بەر لەبارەی ئەو هێرشانەی لەم دواییانەدا کراون، بەڵام ئەو لێدوانانەی حکوومەتی هەرێم رێرەوی بەدیهێنانی ئاسایش کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەوڵی بۆ دەدرێت ئاڵۆزتر دەکات."
شایانی باسە ڕۆژی یەکشەممە پاش ئەوەی بە ۲ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام- هەولێر، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەم هێرشە تیرۆریستیە لەلایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە.
ئێمە ئەو لایەنانەو حکوومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە، چونکە ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکوومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان."
پێشەوا هەوارامانی ڕایشیگەیاند: "لە کاتێکدا کە حکوومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن."
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و لە دوای بڕیارەکەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی، کە بووە هۆی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوی نەوتی هەرێم، هەرێمی کوردستان دووچاری گرفتی دارایی بووەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار حکوومەتی ناوەندی بە نەناردنی مووچە تۆمەتبار کردووە.
لە مانگی سێی ساڵی ڕابردووەوە، شاندی هەرێمی کوردستان نزیکەی ۱۶ جار سەردانی بەغدادی کردووە، بەڵام سەردانەکان ڕێککەوتنی یەکلایی کەرەوەیان بەدوادا نەهاتووە و بەشێک لە کێشە هەڵواسراوەکان کە لە پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوریەکان و مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمدا خۆی دەبینێتەوە، بێ چارەسەر ماونەتەوە.
بەڵام لە هەفتەی ڕابردوو گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە لە سەرەتای ساڵی تازە لە ۶ی مانگ تا ۱۰ کۆبوونەوەمان دەبێت و شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی."
ناوبراو وتیشی: "پشوودرێژی ئێمە لە ساڵی ۲۰۲۳ لە پێناو گەشتن بوو بە ڕێگە چارەسەر، بەڵام ئیتر هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ کۆبونەوە و دانیشتن ئەگەر بێت و نەزانین دەرئەنجامەکەی چارەسەرە. پێویستە ئەمساڵ کێشەکانی نێوانمان چارەسەر ببن و ڕێکەوتنەکان ڕێزیان لێبگیرێت، ئەگەر بێتو هەمان نیەت بەدی نەکەین لە حکوومەتی فیدڕاڵ حکوومەتی هەرێم بەدوای چارەسەری دیکەدا دەگەڕێت".
Your Comment