دەنگەکانی یەکێتی لە کەرکووک جێگەی گومانن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت کە گومان لە دەنگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک هەیە و بە دەنگی ڕاستەقینەی ئەو حزبە ناچن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۸ی دیسێمبەری ۲۰۲۳، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی ڕاگەیاند، لەنێویشیدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە پێنج کورسی بۆ یەکێتی دیاری کردووە، بەڵام چاودێران گومانیان لە کورسییەکانی یەکێتی هەیە.

لەمبارەیەوە دڵشاد ڕەشید، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە باسنیووزی ڕاگەیاند، لە دوای خیانەتی ۱۶ی ئۆکتۆبەرەوە خەڵکی شاری کەرکووک لە یەکێتی نیگەران بووە، چوونکە بەھۆی ئەو خیانەتەوە، خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بەھۆی داگیرکردنی شارەکەیانەوە لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە، ھیچ ئومێدێکیان بە یەکێتی نەما، بەڵام "سەیرە ئێستا یەکێتی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک دەنگێکی زۆری بەدەست ھێناوە، لەکاتێکدا کەرکووک و کەرکووکییەکان لە یەکێتی نیگەران بوون، ئیتر نازانم یەکێتی چۆن و بە چ شێوەیەک ئەو دەنگانەی ھێناوە؟"

دڵشاد ڕەشید ڕوونیشی کردەوە: "دەنگەکانی یەکێتی لە کەرکووک جێگەی گومانن و لە دەنگی ڕاستەقینەی ئەو حزبە ناچن، چونکە خەڵکی ئەو شارە ئەگەر بەشداریی پڕۆسەی دەنگدانیان کردبێت، بەھۆی ھەستی نیشتمانی بووە و حەزیان نەکردووە شاری کەرکووک جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ عەرەبی شۆڤێنی، بۆیە ئەو خەڵکەی کە دەنگیان داوە بەھۆی یەکێتییەوە نەبووە، بەڵکوو ئامانجیان ئەوە بووە، کە دەسەڵاتی شارەکەیان بۆ کورد بگەڕێتەوە".

دڵشاد ڕەشید، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوە گۆڕان، ئاماژەی بەوەش کرد، ھەرچەندە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی ھاتووە و کورد لە کەرکووک بەرامبەر بە عەرەب یەکسانە، بەڵام کە ئێستا یەکێتی دەڵێت، ئێمە لە کەرکووک یەکەم بووین، ھەموو خەڵکی شارەکە دەزانێت ئیتر یەکێتی تاوەکوو ھەڵبژاردنێکی دیکە پێویستی بە کەرکووک نابێت، چەندە خزمەتی سلێمانیی کردووە ئەوەندەش خزمەتی کەرکووک دەکات.

News Code 222770

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha