ئەمریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان جێگیر دەکات

بەشی جیهان- گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە بڕیارە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا سیستمی بەرگری ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕاپۆرتی پاول ئیدۆن بە ناونیشانی «دوای ساڵانێک لە هێرشی بێ پاساو لە کۆتایدا ڕەنگە کوردستانی عێراق بەرگری ئاسمانی بەدەست‌بهێنێت» دەنووسێت: یاسای رێگەپێدانی بەرگری نیشتمانی گشتی بۆ ساڵی ۲۰۲۴ کە کۆنگرێس بڕیاری لێداوە بڕگەیەکی تایبەت لە خۆ دەگرێت پەیوەستە بە چەکدارکردنی هێزی پێشمەرگە لە کوردستانی عێراق بە سیستمی بەرگری ئاسمانی.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: هەنگاوێکی لەوشێوەیە جێگەی پێشوازی دەبێت لەوناوچە ئۆتۆنۆمیە بەهۆی ئەوەی ڕووبەڕووی هێرشی چەندبارە بووەتەوە بە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان لەلایەن میلیشیاکانەوە.

ئەو بڕگەیەیەی لە پرۆژە یاساکەدا هاتووە لە دەقەکەیدا دەڵێت پلانی کار دابنرێت بۆ پێدان و ڕاهێنان کردن بە هێزە ئەمنیە عێراقیەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بەرگری کردن دژی هەر هێرشێک بە مووشەک و چەکی تر ئەوەش لە یەکی شوباتی ۲۰۲۴دا و جێبەجێ کردن و ئامادەکردنی لەماوەی ۹۰ ڕۆژدا.

هەروەها لەساتی هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە لە غەزە هێزەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی چەندین هێرش بوونەتەوە بە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان لە عێراق و سوریا کە بنکەی هێزەکانی ئەمریکای لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کردووەتە ئامانج.

زۆرێک لەم هێرشانە ئامانجی ئەوەیە توانای ئەو میلیشیایانە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربخات لە پێکانی ئامانجەکانی تەنانەت لەناو سنووری هەرێمی کوردستانیش کە بەشێوەیەکی رێژەیی ناوچەیەکی ئارامە ئەوەش هێزەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی مەترسی ڕاستەوخۆ دەکاتەوە.

بەپێچەوانەی گەڕەکەکانی دەوروبەری ناوچەی سەوز لە بەغدادی پایتەخت گەڕەکەکانی دەوروبەری فرۆکەخانەی هەولێر چەندین باڵەخانەی بەرز لەخۆ دەگرێت  زۆرێکیشیان لە سەروبەندی دروستکردندان.

هەر سیستمێکی بەرگری ئاسمانی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕەزامەندی لەسەر پیشان بدات بە دابین کردنی بۆ هەرێمی کوردستان پێناچێت وەک سیستمی ئێم ئەی ئێم-۱۰۴ پاتریۆتی بەناوبانگ و دورمەودا پێشکەوتووبێت.

پێشکەوتوترین سیستمی بەرگری ئاسمانی لەئێستادا لای سوپای عێراق سیستمی بانتسیر-ئێس۱ ڕووسی کورت مەودایە بەڵام ئەگەری زۆرە بەغداد دژی ئەوەبێت هەرێمی کوردستان هەر سیستمێک بەدەستبهێنێت لەوەی خۆی پێشکەوتوتربێت.

پێدەچێت ویلایەتە یەکگرتووەکان سیستمی کورت مەودا و مامناوەند بدات بە هەرێمی کوردستان توانای دژە هێرشی مووشەکی میلیشیاکان و فرۆکەی بێفرۆکەوانی هەبێت کە بێگومان کوردستان تەنها بە ئامانجی بەرگری بەکاری‌دەهێنێت.

News Code 222725

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha