بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "تۆڕێکی سیخوڕییان دەستگیرکردووە کە لە ۴ کەس پێکهاتوون و کاریان بۆ هەواڵگریی تورکیا (میت) کردووە، ئەوکەسانەشى دهستگیركراون پێشتر بەشدار بوون لە ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەنجومەنی سەربازیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و هاوەڵەکانی لە مەنبەج لە ۱۵ی ئەیلولی ڕابردوودا".
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: "دوای زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ زانیاریی و بەڵگە، تیمەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی توانیان دەستیان بە زانیارییەکان بگات سەبارەت بەتێوەگلانی ژمارەیەک کەس".
هەروەک دەڵێت: "دواتر دەستگیرکراوان بەدواداچوونیان بۆکرا و سهرهنجامیش دانیان بەوەداناوە کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو و بەپشتبەستن بەڕێنماییەکانی هەواڵگریی تورکیا، بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە".
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە داهاتوویهكى نزیكدا دانپێدانانى ئەو تۆڕە لەبارەی کارە سیخوڕییەکانیان بڵاو دەکاتەوە.
Your Comment