بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی، لەبارەی زیانەکانی بەجیا بەشداریکردنی لایەنە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "یەکڕیز نەبوونی کورد دەردێکی کوشندەیە، گەر لەم قۆناغەشدا نەمانتوانی پێکەوە بین، دەبێت لە داهاتوودا پێکەوە بین، چوونکە یەکڕیزی چارەسەری بەشێکی ئەو برینە دەکات کە بە جەستەی کوردەوەیە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان".
حزب و لایەنە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە جیا بەشداریکردنیان، لەهەمانکاتدا ململانێییەکی توند لەنێوانیاندا دروستبووەو هێرشی توندیان کردوەتە سەر یەکتری لەکاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردن دا.
لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەلاحەدین، پارتی و یەکێتی بەجیا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان کردووە، ئەمە جگە لە بوونی چەندین لیستی تری کوردی لەو ناوچانە.
شێرکۆ میروەیس، دەشڵێت: "یەکڕیزی لە هەرێم و بەغدا و ناوچە کێشەلەسەرەکان هەوێنی چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانە. یەکڕیزی وادەکات یەکگرتوو بین بەرامبەر نەیارەکان و خەڵکێکی زۆری کوردیش بەشداری هەڵبژاردن بکەن، پێکەوەش دەتوانین ئامانجەکانمان بەدی بهێنین".
بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی پێیوایە، یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان لەبەرژەوەندی لیستە گەورەکاندایە، بەدووریشی دەزانێت هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیەتی پارێزگاکان قورس بێت.
شێرکۆ میروەیس دەڵێت،"۳ تا ۵ لیست پێکەوە حکوومەتی پارێزگاکان پێکدەهێنن، بەشێکی تریشی دەبنە ئۆپۆزسیۆن. یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان هۆکارێکیشە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردن دا، چوونکە لیست و هاوپەیمانێتی و کاندیدی زۆر بەشداری پرۆسەکە دەکەن و ئەمەش ڕۆڵی هەیە".
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ کورد بە گرنگ دادەنرێت، بەو پێیەی پێگەی کورد لەو ناوچانە لاواز بووەو کورد دەیەوێت هەڵبژاردن بکاتە دەرفەتێک بۆ خۆ بەهێزکردنەوە لەو ناوچانە.
بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی ڕوونیکردەوە، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا کوردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان جۆش و خرۆشیان پێوە دیاربووە، بەو پێیەی کورد لە کۆتایی ساڵی ۲۰۱۷ ەوە پاشەکشەی کردووە لەو ناوچانەو دەیەوێت جارێکی تر پێگەی بەهێز بکاتەوە.
شێرکۆ میروەیس وتیشی: "خەریک بوو مەترسی سەر کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان لە چۆڵ بوونی گوندە کوردنشینەکان و داگیرکردنی زەوی و زاری کوردەوە بگاتە داخستنی فەرمانگە و قوتابخانە کوردییەکان، لەکاتێکدا پێشتر کورد ڕۆڵی ئەرێنی هەبووە لەو ناوچانە".
Your Comment