ئەردۆغان پێوەندی کردنی سوید بە ناتۆ بە دوو مەرجەوە دەبەسێتەوە

بەشی جیهان- سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، کەی کەنەدا و ئەمریکا کاڵاکانیان پێ فرۆشتین، پەرلەمانی تورکیاش بڕیاری دروست لەسەر پرسی سوید دەدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، کاتێک لەگەڵ کەنەدا باس لە ئارەزووی کڕینی کامێرای تایبەت بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکەین، ڕاستەوخۆ باس لە سوید دەکات، ئەمریکاش هەمان پرس لەبارەی فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانیەوە زیندوو دەکاتەوە.

سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمریکا پێمان دەڵێت ئەگەر کۆنگرێس (پەرلەمانی ئەمریکا) فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 پەسەند بکات ئەو کاتە پێمان دەفرۆشن، بۆیە با کەنەدا و ئەمریکا کاری خۆیان بکەن، ئەو کاتە پەرلەمانی تورکیاش بڕیاری دروست لە بارەی ئەندامێتی سوید دەدات".

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو پرۆتۆکۆلی پەیوەندی کردنی سوید بە هاوپەیمانێتی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ" لەلایەن سەرۆک کۆماری تورکیاوە ڕەوانەی پەرلەمانی وڵاتەکە کرا، بەڵام گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرۆتۆکۆلە دواخرا بۆ کاتێکی نادیار.

News Code 222633

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha