ئێران هەوڵی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات

بەشی ئێران- کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێم، ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی خۆمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستاندا هاتووە: ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی کردووە لە نەسروڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و وەفدێکی یاوەری.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی هەرێم کورتەیەکی لەسەر دوایین هەنگاوەکان و گفتوگاکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە سەر پرسی بوودجە و مووچە بۆ وەفدی میوان خستەڕوو، ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانیان بەردەوامن بەئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی عێراق بەو هیوایەی بتوانن بۆ ساڵی داهاتو پرسی مووچەی فەرمانبەران لە هەموو کێشە و ململانێیەک دووربخەنەوە و بەیەک پێوانە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم وەک تێکڕای مووچەخۆرانی پارێزگاکانی تری عێراق بکرێت.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەو ڕوەشەوە وەزیری دارایی هەرێم داوای لە کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد لە ڕێی پەیوەندییەکانیانەوە هاوکاربن بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە نەسروڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند: "توانا و پەیوەندییەکانی خۆمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بوودجە و مووچە بەزووترین کات چارەسەر بکرێن".

لەتەوەری کۆتایی دیدارەکەدا کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر باسی لە شایستەی ئەو کۆمپانیا ئێرانیانە کرد کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و بەهۆی قەیرانی داراییەوە شایستەکانیان دواکەوتووە.

لەوبارەیەوە وەزیری دارایی هەرێم "پابەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بۆ خەرج‌کردنی شایستەی کۆمپانیاکان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند بەچارەسەربوونی کێشە سیاسیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی، کە کێشەی گەورەی ئابووری و دارایی قورسی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، کێشەی سەرجەم کۆمپانیا ئێرانییەکان و کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانیش چارەسەر دەبێت، بەتایبەت کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

News Code 222619

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha