ئەوەی ‏خۆی بە ئەهلی ئیسلام بزانێت بە سەرکەوتنی غەززە دڵخۆش دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی کۆمەڵی ‏دادگەریی کوردستان ڕایگه‌یاند، وێڕای زۆریی ژمارەی شەهیدەکان، ‏بەڵام ئەوەی هێزە بەرگرییکارەکانی فەلەستین لە غەززە پێی ‏هەستان سەری هەموو مسوڵمانێکی بەرز کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی نووسینگه‌ی سەرۆکی کۆمەڵی ‏دادگەریی کوردستان، عەلی باپیر لە شاری هەولێر بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ‏باڵا، پێشوازیی لە شاندێکی هاوپەیمانیی جیهانی بۆ ‏سەرخستنی فەلەستین ‌و قودس بە سەرۆکایەتیی ئوسامە ‏عەونی جێگری ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانییەکە کرد، لەو دیدارەدا شاندی میوان بارودۆخی فەلەستین پێش ‏چالاکییەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرو دوای ئەوبەروارەیان بۆ ‏سەرۆکی کۆمەڵ‌و ئامادەبوان باس کردو، ئاماژەیان بە پیلانی ‏قەوارەی جولەکە کرد، کە چۆن پلانیان داناوە کۆتایی بە ‏دۆزی فەلەستین‌و هێزە بەرگرییکارەکان لەناوەو دەرەوە بهینن.‏

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌: "شاندی میوان سوپاسی سەرکردایەتیی کۆمەڵ ‌و تەواوی ‏مسولمانانی کوردیان کرد، کە ماددیی ‌و مەعنەویی پشتیوانی ‏فەلەستین ‌و غەززە بون‌و، وتیان، هەر ئەوە لەنەوەکانی ‏سەڵاحەددین چاوەڕوان دەکرێ‌ و هیواشیان خواست ‏پشتیوانییەکان بەردەوام بێ".‏

سەرۆکی کۆمەڵ باسی له‌وه‌کردوه‌: "دۆزی فەلەستین تایبەت نییە تەنها ‏بە عەرەب ‌و فەلەستینییەکان، بەڵکوو کێشەی تەواوی جیهانی ‏ئیسلامە و بەرگری کردن لە فەلەستین‌ و مزگەوتی ئەقسا ‏بەشێکە لەبیروباوەڕمان".‏

عەلی باپیر وتیشی، "وێڕای زۆری ژمارەی شەهیدەکان، ‏بەڵام ئەوەی هێزە بەرگرییکارەکانی فەلەستین لە غەززە پێی ‏هەستان سەری هەموو مسوڵمانێکی بەرز کردەوە و ئەوەی ‏خۆی بە ئەهلی ئیسلام بزانێ بەو سەرکەوتنانە دڵخۆش دەبێت".

News Code 222597

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha