قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی تورکیا چەند بابەتێکی گرینگیان تاوتوێ کرد

بەشی تورکیا- جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم و عەلی ڕەزا گونای باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق، كۆ بوونه‌وه‌ و باسی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای تورکیا و کێشەی بەشە بوودجەی هەرێم و چەند بابەتێکی دیکەیان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم، لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها باسی دۆخی عێراق بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەتی کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێی گفتوگۆوە و ڕایگەیاند، "یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان کاریگەری دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بە تایبەتیش هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک کرا، هەردوولا هیوایان خواست هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارام و بێ کێشەدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقدا تەواو ببێت.

سەبارەت بە دۆخی کەرکووکیش، قوباد تاڵەبانی وتی: "لەم ساڵانەی دواییدا جیاوازی زۆر دەکرێت لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا و چارەسەر ئەوەیە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە شێوازی بەڕێوەبردنی شارەکە بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەکانی سەرۆک مام جەلال، بۆ ئەوەی کەرکووک ببێتە شارێکی نمونەیی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا و هیچ لایەنێک هەست بە ستەم و نادادپەروەری و پەراوێزخراوی نەکات".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کێشەی بەشە بوودجەی هەرێم کرا و لەوبارەیەوە، جێگری سەرۆک وەزیران هیوای خواست بە زوویی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە و وتی: "پێویستە لەنێوان هەرێم و بەغدا رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن بکرێت کە تیایدا بەشی زۆری کێشەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێت و کێشەی بوودجەی هەرێم بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت".

News Code 222586

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha