کۆمپانیا نەوتییەکان هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا لە هەرێمی کوردستان دەکەن

بەشی جیهان- کۆمپانیا بیانییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا هەڕەشەی پەنابردن بۆ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمپانیا بیانییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، هۆشداری دەدەن لە دەستکاری کردنی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و سکاڵاکەیان دەبەنە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن.

گرووپی پیشەسازی نەوتی کوردستان "ئەپیکور" لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی ئەرێنی بەرەو دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت نیشان دەدات.

گرووپی پیشەسازی نەوتی کوردستان جارێکی تر هۆشداری دەدات لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ئاماژە بەوە دەکات، پێشوەختە مەرجەکانی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی تەواوی نەوت خستووەتە ڕوو، هێشتا پابەندن بە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێرراوەکان.

کۆمپانیا بیانییەکانی کەرتی نەوتی هەرێم مەترسییان هەیە دەستکاری گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بکرێت و هاوتا بکرێت لەگەڵ گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق، چوونکە گرێبەستی ئەم کۆمپانیایانە لە هەرێمی کوردستان، گرێبەستی هاوبەشی کردنی بەرهەمە و جیاوازە لە گرێبەستەکانی عێراق کە گرێبەستی خزمەتگوزارین.

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا (ئەپیکور) باس لەوە دەکات، گرێبەستەکانی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنان هێشتا بەرکارن و بە یاسای ئینگلیزی بەڕێوە دەبرێن، چارەسەری ناکۆکییەکان لەبارەی گرێبەستەکانەوە لەڕێگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە دەبێت لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن.

کۆمپانیا بیانییەکانی هەرێم گلەیی دەکەن لەبارەی ئەوەی بانگهێشت نەکراون و هیچ پەیوەندییەکی فەرمییان پێوە نەکراوە سەبارەت بە دەرەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دوایەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەوە لە کاتێکدا ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە وەفدێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت گەیشتە هەولێر و ماوەی دوو ڕۆژ لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گفتوگۆی کرد، لەبارەی میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

گرووپی پیشەسازی نەوتی کوردستان، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کە لە ٢٥ی ئازاری ئەمساڵەوە ڕاوەستاوە، کۆمەڵێک مەرجی پێشوەختەی ڕاگەیاندووە کە پێکهاتوون لە:

١. هەر زیادکردنێک دەبێت ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی ئەپیکور.

٢. دەبێت گەرەنتی ئەوە بکرێت پارەی هەناردەی نەوت لە ڕابردوو و داهاتوودا دەدرێت.

٣. دەبێت پارەی فرۆشتنی نەوت لە داهاتوودا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ کۆمپانیاکان حەواڵە بکرێت.

٤. دەبێت پارێزگاری بکرێت لە مەرجە بازرگانییەکانی ئێستا و مۆدێلی ئابووری کۆمپانیاکانی ئەندامی گرووپی ئەپیکور.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، گرووپی پیشەسازی نەوتی کوردستان ڕاگەیاندووە، بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەی نەوت، پابەندە بە چارەسەری کێشەکانەوە، چونکە لە دۆخی ئێستادا زیانەکان بەرزتر دەبنەوە، بەتایبەتیش کە لەدوای داخستنی بۆری نەوتی عێراق-تورکیاوە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار زیان بە داهاتەکانی نەوت گەیشتووە و سەرباری ئەمەش، حکوومەتی عێراق ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار سزای دارایی دەکەوێتە سەر بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنی هێڵی بۆری نێوان عێراق و تورکیا.

News Code 222523

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha