بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەى ژمارەیەک نووسراو، دوو دۆسیە لەسەر لقى سلێمانى بانکى بازرگانیى عێراق (تى بى ئاى) کراوەتەوە کە پەیوەندارن بە خەرجکردنى بڕى سێ ملیار و ۷۵۳ ملیۆن دیناری چەکى کۆمپانیاى چینى بۆ بەڵێندەرایەتى لە ساڵى ۲۰۱۹ لەلایەن ئەو بانکە، لە کاتێکدا بەگوێرەى بەڵگەنامەکان کۆمپانیاکە لەساڵى ۲۰۱۶ داوای کردووە کە ئەو چەکە خەرج نەکرێت، لەوبارەیەوە سکاڵایەک لە دادگەى لێکۆڵینەوەى دەستپاکى سەر بە دادگەى تێهەڵچوونەوەى سلێمانى تۆمار کراوە.
دۆسیەى دووەم تایبەتە بە خەرجکردنى بڕى ۱۰۰ هەزار دۆلار بۆ کۆمپانیایەک لەلایەن لقى هەولێرى بانکەکەوە لەگەڵ ئەوەى کە بڕیارێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى جێبەجێکردنى پارێزگاى سلێمانى هەیە بۆ خەرجنەکردنى ئەو چەکە.
لە ۱۵ى شوباتى ۲۰۲۳ وەزارەتى دارایی عێراق نووسراوێکى ئاڕاستەى لقى سلێمانیی بانکى تى بی ئاى کردووە و تێیدا داوایان لێدەکات زانیاریان لەبارەى ئەو دوو دۆسیەوە بداتێ لەگەڵ ئەو بڕیارەى دادگە، ئەوەش لەسەر بنەماى نووسراوێکى سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان بووە.
لە ۱۸ى ئایارى ۲۰۲۳ بەگوێرەى نووسراوێکى دیکە، کە بانکى ناوەندى ئاراستەى بەڕێوەبەرى گشتى بانکى تى بی ئاى کردووە داوا دەکات زانیارییان لەسەر ئەو دوو دۆسەیە پێبدەن.
Your Comment