بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێش دەست پێکردنی پشووی وەرزی یاسادانان، دانیشتنێکی تایبەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام بدات".
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی: "حەوتی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو تەمەنی یاسایی کۆمیسیۆن کۆتایی دێت و پەرلەمانیش ١٠ / ١ ی ساڵی داهاتوو پشووەکەی کۆتایی دێت، هەروەها لەدوایی تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆمیسیۆن ١٩ رۆژ تەمەنی یاسایی دەمێنێتەوە و بەوەش ناتوانێ پرۆسەی جیاکردنەوە و وردبینی و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکان و پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ئەنجام بدات، هەروەها ناتوانێ درێژە بە ئامادەکارییەکانی بدات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە وا پێویست ئەکات تەمەنی درێژ بکرێتەوە".
ناوبراو وتیشی: "سەرباری ئەوەی لە ٩ـی ئەم مانگەوە ئەنجومەنی نوێنەران دەبوو بچێتە پشووی وەرزی یاسادانانەوە، بەڵام هێشتا بە رەسمی سەرۆکی ئەنجومەن راینەگەیاندووە و هێشتاش ژمارەی ئەو دانیشتنانەی کە پێویستە ئەنجومەن لەهەر وەرزێکی یاسادانان ئەنجامی بدات تەواو نەبووەو چەند دانیشتنێکی ماوە".
Your Comment