ڕووداوەکانی غەززە لە زاری کوردێکی دانیشتووی ئەو شارەوە

ئیبراهیم کوردی هاوڵاتیەکی کوردی دانیشتووی غەزەیە کە زیاتر لە سەدەیەکە باو و باپیرانی لە عێراقەوە چوونەتە فەلەستین دەڵێت: ژمارەیەکی زۆری خێزانی کورد لە غەزە دەژین، وەک هاوڵاتیانی دیکەی غەززە لە دۆخێکی سەختداین، دۆخی ژیانمان لەسەرووی هێز و توانای مرۆڤەوەیە، هیچ مرۆڤێکی سەر زەوی ناتوانێت بەرگەی ئەم نەهامەتیانە بگرێت، ئاو و کارەبا و سووتەمەنیمان نییە، خۆراکمان نەماوە، تەنها لە چاخی سەرەتاییدا مرۆڤ بەم جۆرە ژیاوە، ئەمڕۆ بە منداڵەکانم وت ئیتر بە ئاو و خورما خۆتان تێر بکەن، بۆردوومانی غەزە ژیانی وەستاندووە، ناتوانین لە ماڵەکانمان بێینە دەرەوە، بە تۆن مووشەک بەسەرماندا دەبارێت.

ئیبراهیم کوردی کە لەغەزە کارمەندی وەزارەتی وزە بووە لە فەلەستین تا ئە کاتەی خانەنشین بووە، دەڵێت: "ژمارەیەکی زۆر لە خێزانی کورد لە غەزە نیشتەجێن، ئێمە کوردین بەڵام ئێستا دانیشتویی فەلەستینین، لێرە لە دایک بوین و لەگەڵ خەڵکی ئێرەدا لە رێگەی هاوسەرگیری و منداڵەوە تێکەڵ بووین و زیاتر لە سەدەیەکە لەسەر ئەم خاکە دەژین".

ئیبراهیم کوردی کە لە ئێستادا لەگەڵ خانەوادەکەی کوڕ و کچ و برا و کەسە نزیکەکانی لە شوقەیەکدا کۆبوونەوەتەوە و پێکەوە دەژین دەڵێت: "بەردەوام بۆمب بەسەرماندا دەبارێت، لە چاوەڕوانی مەرگداین، ئەمە قەدەرێکە و فەرمانی خوایە و تاقی دەکرێینەوە، بەڵام دڵنیاین خۆشی و سەرکەوتن لە دوای هەموو ئەم تەنگانە و ناخۆشییە دێت، ئێمە لە غەززە نیشتەجێین ئامادەنین چۆڵی بکەین، لە ساڵی 1948ەوە ئاوارە کراین جارێکی تر نامانەوێت ئاوارەببینەوە و غەززە جێناهێڵین".

بەهۆی نەبوونی کارەباوە گرفتێکی گەورە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ئەویش شەحن کردنەوەی تەلەفۆنەکانمانە، بەهۆی نەبوونی کارەباوە ناچارین جێگەیەک پەیدا بکەین بە سوود بینین لە وزەی خۆر توانیومانە کارەبا دابین بکەین، خەڵک بۆ شەحن کردنەوەی ئامێری تەلەفۆنەکانیان سەرەڕای ترسی زۆر لە بۆردوومان و مووشەک ئەو رێگە پڕ ترسە دەبڕن تا ئامێری تەلەفۆنەکانیان پڕ شەحن بێت".

 نەبوونی ئاوی خواردنەوە یەکێکی دیکەیە لە کێشە و نەهامەتییەکان کە بۆ هاوڵاتیانی غەززە درووست بووە ئیبراهیم کوردی دەڵێت: "تەنانەت بۆ پەیداکردنی ئاوی خواردنەوە زەحمەت و ماندوبوونی زۆری دەوێت، چوونکە بۆری ئاوی خواردنەوە نەماوە، خەڵکی پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستن، بەشێک لەو بیرانەش کە هەیە تەنها رێگایە بۆ دابین کردنی ئاوی خواردنەوە ئەمەش بە ئاسانی پەیدا نابێت".

ئیبراهیم کوردی وتیشی بۆردوومانی غەزە ژیانی وەستاندووە، ناتوانین لە ماڵەکانمان بێینە دەرەوە، بە تۆن مووشەک بەسەر غەزەدا دەبارێت، زۆرینەی خزم و کەس و خێزانەکان لە شوێنێکدا کۆ دەبنەوە کە زیاتر پارێزراو بێت، ئێستا من لە شوقەیەکدا دەژیم لە نهۆمەکانی خوارەوەی باڵەخانەکەم، بۆیە خێزان و منداڵەکانی خۆم، ماڵی براکەم، خێزان و منداڵی کوڕەکانم و کچەکانم هەموو لەو شوقەیەدا دەژین، نە ئاو نە کارەبا نە هیچ خزمەتگوزارییەک نییە، ئەگەرکەمێک دار و تەختەمان دەستبکەوێت بۆ پێداویستی خۆمان دەیسوتێنین، ئێمە لە قۆناغێکی زۆر سەختداین، بەڵام دڵنیاین لەوەی ئەمە ویستی خوایە چۆن کۆتایی پێبێت ئێمە سەردەکەوین، مادام خوامان لەگەڵە ئیتر هیچ شتێک چەندە قورس و گرانیش بێت بێهیوامان ناکات".

ڕووداوەکانی غەززە لە زاری کوردێکی دانیشتووی ئەو شارەوە

سەبارەت بە هەڵوێستی خەڵکی غەزە بەرامبەر کردەوە سەربازییەکەی حەماس کە ئایا خەڵک لە کردەوە سەربازییەکانی حەماس نیگەران نین کە بووە هۆی ئەم دۆخە سەختەی سەر هاوڵاتیانی غەزە، ئایا خەڵک نیگەران نین لە گروچەکانی غەزە ئیبراهیم کوردی وتی: "خەڵکی غەزە خۆیان فیدای هێزەکانی بەرگری دەکەن، ئێمە زەویمان داگیرکراوە، ئەوان ستەمکارن خۆ ناکرێت دابنیشین و چاوەڕێ بکەین دەبێت هەنگاو بۆ رزگاری بنێین".

ڕووداوەکانی غەززە لە زاری کوردێکی دانیشتووی ئەو شارەوە

سەبارەت بە کورد و هەرێمی کوردستان ئیبراهیم کوردی وتی: "خەڵکی فەلەستین کوردیان خۆش دەوێت، هەموو مییلەتێکی ستەملێکراو دەبێت یەکترمان خۆشبوێت، ئەوەی لە میدیاکان دەوترێت بەشێکی ڕاست نییە، من هیچ کات جگە لە خۆشەویستییان بۆ کورد لە خەڵکی فەلەستین هیچی ترم نەبیستووە، فەلەستینییەکان کوردەکان بە برای خۆیان دەزانن، حکوومەتەکان هەرچۆن بن کاریگەری لەسەر رای خەڵک دروست ناکات، خەڵکی ئێرە کوردیان خۆش دەوێت.

News Code 222445

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha