قیرغیزستان  ۸۳ ژن و منداڵی داعشی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەرگرتەوە

بەشی سووریا- بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردستانی سووریا ۶۲ منداڵ و ۲۱ ژنی بنەماڵەکانی داعشی دانیشتووی کەمپی هۆلی ڕادەستی قیرغیزستان کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ۶۲ منداڵ و ۲۱ ژنی بنەماڵەکانی داعشی دانیشتووی کەمپی هۆلی ڕادەستی شاندێکی  قیرغیزستان کردەوە.

هەرلەمبارەوە ئەمریکا هەنگاوی قیرغیزستان و هەوڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ژماره‌یه‌کی تر له‌ منداڵ و ژنانی خێزانه‌کانی داعش له‌ کەمپی هۆلی کوردستانی سووریا بەرز نرخاند.

ماتیۆ میلەر وتەبێژی فەرمی وەزارەتی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا،  لە ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه‌، گەڕانەوەی ۸۳ ژن و منداڵ لەلایەن کۆماری قیرغیزستانەوە لە کەمپی هۆل لە کوردستانی سووریا، هەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاسته‌نگییه‌ مرۆیی و ئەمنییه‌ی له‌ دوای شکستی داعش هاتۆتە ئاراوە.

ئەمە سێیەم هەوڵی گەڕاندنەوەی ژن و منداڵانی خێزانه‌کانی داعشه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌، جارێک له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌ری خۆسه‌رییه‌وه‌ ۶۲ منداڵ و ۲۱ ژنی له‌ خێزانه‌کانی داعش ڕاده‌ستکرابووه‌وه‌، پێش ئەوەش کۆماری قیرغیزستان ۹۵ منداڵ و ژنی لە کەمپەکان گه‌ڕاندبووه‌وه‌.

میلەر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا پاڵپشتی هەنگاوی قیرغیزستان دەکات بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ زێدی خۆیان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئامادەیە بەردەوام بێت لە هاوکاری ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیکە بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژن و منداڵانی داعش بۆ وڵاته‌کانیان .

میلەر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوبەشە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکوومەتی کوەیت دەربڕی بۆ پاڵپشتی کردنیان لە گەڕاندنەوەی ئاواره‌کانی کەمپی هۆل و ڕۆژ بۆ وڵاتانی خۆیان.

بەپێی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمساڵ زیاتر لە ۳۰۰۰ هەزار کەس لەو کەمپانە گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی بارگران له‌ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مرۆییەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی داعش . میلەر ده‌شڵێت گەڕانەوەی ئه‌و که‌سانه‌ بۆ وڵاتانی خۆیان تاکە چارەسەری هەمیشەییه‌.

نزیکەی ۳۵ هەزار کەس لە زیاتر لە ۶۰ وڵاتی دەرەوەی سووریا لە کەمپی هۆل و ڕۆژدا ماونەتەوە و زۆربەیان منداڵی خوار ۱۲ ساڵن.

News Code 222377

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha