بەهۆی ناکۆکیی نێوان تیمی یەکێتی و پارتییەوە کێشەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە درێژەی هەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە زۆر خراپە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوە و ڕێز و حورمەت نەماوە، وەزعێکی زۆر خراپە و کاری پێکەوەیی نەماوە و یاسا و ڕێساکان پێشێل دەکرێن.

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتیە، دەڵێت: "بریکاری وەزیری پێشمەرگە فەرمانێکی دەرکردووە و وتوویەتی، دەبێت پشکی یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە ۵۷٪ بۆ پارتی و ۴۳٪ بۆ یەکێتی بێت. منیش بە نووسراوی فەرمی وەڵامم دایەوە. ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیارێکی لەو جۆرە بدات و ۵۰ بە ۵۰ کاتی خۆی و لە دۆخێکی سیاسیدا بڕیاری لێدراوە."

هەروەها وتیشی: "بڕیارەکەی بریکاری وەزارەت کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی و هێزەکانی ۷۰و ۸۰ ش دەبێت، کاریگەریشی لەسەر جێبەجێ کردنی یاداشتی لێکتێگەشتن دەبێت کە بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان و هاوپەیماناناوە، هەشت لایەن واژووی کردووە."

بەپێی وتەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، پەیامی ئەوەی گەیاندووەتە بریکاری وەزارەتەکەی لە پشکی پارتی، ئەگەر پێشتر بیرۆکەی زیادکردنی پشکی پارتیتان هەبووە بە رێژەی ۵۷٪ بەرامبەر بە ۴۳٪ ، دەبووایە پێش واژووکردنی یاداشتی لێکتایگەشتنەکە قسەیان کردبا.

لیوا ڕوکن بەختیار وتی: "بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یاداشتە واژوو کراوەکەی نییە، چونکە دەسەڵاتی وەزیری پێشمەرگەشی نەدراوەتێ."

سەبارەت بە وەڵامی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا ڕوکن بەختیار دەڵێت، "بریکار وتی [لەسەرەوە ئەمەم پێوتراوە و حزبەکەم ڕازی نابێت بە ۵۰ بە ۵۰ ، چونکە خەڵکمان زیاترە و کورسی پەرلەمان و جوگرافیای زیاترمان بەدەستەوەیە] ئێمەش وتمان پەرلەمان نەماوە و حکوومەت چووەتە قۆناغێکی تایبەتەوە، با هەڵبژاردن بکرێت، دواتر لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی تازە ئەم دۆخە موناقەشە دەکەین، لەم کاتەدا کە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، هەست ئەکەین ئەم داواکارییە وەکوو بۆمب وایە و متمانە ناهێڵێت، دۆخە سیاسییەکە ئاڵۆزتر دەکات."

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، پێیوایە تەنها چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی وەزارەتی پێشمەرگەی تێکەوتووە، دانانی وەزیرێک بۆ وەزارەتەکە و ڕێگرتنە لە شۆڕبوونەوەی ناکۆکی سیاسی بۆ نێو وەزارەتی پێشمەرگە، وتی"دەبێت بگەڕێینەوە بۆ جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەشتن و کاری پێکەوەیی، نەک تاکڕەویی".

News Code 222032

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha