ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیر کردنی سێ داواکراوی داعشی ڕاگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا لە پارێزگای سلێمانی توانیویانە سێ تیرۆریستی داعش دەستگیر بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، سێ تیرۆریستی داعشیان دەستگیر کرد".

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی ئاسایش لەدوای بەدەستگەیشتنی زانیاریی هەواڵگری "لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵەوە، لەسەر بوونی سێ داواکراو بە مادەی چواری تیرۆر، بە مەبەستی دەستگیرکردنی داواکراوان هێزەکانی ئاسایش بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا تیرۆریستان دەستگیربکەن."

 ئۆپەراسیۆنی یەکەم، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە رۆژی ۲ـی ئابی ۲۰۲۳ بووە و هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، دوو تیرۆریستی داواکراو بە ناوەکانی ( م. ع. ع)، ( م. ج. م) دەستگیرکردووە.

ئۆپراسیۆنی دووەمیش، وەکوو دەزگای ئاسایش باسی دەکات، رۆژی یەکشەممە، ۱۳ـی ئابی ۲۰۱۳ ئەنجام‌دراوە و بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، تیرۆریستی داواکراو بە ناوی ( س. ح. ع) دەستگیرکردووە.

 دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو کەسەی لە ئۆپەراسیۆنی دووەمدا دەستبەسەرکراوە، لە ریزەکانی داعشدا کاری بردن و گواستنەوە و دابەش‌کردنی ماڵ و سامانی کوردانی ئێزدی بووە لە ناوچەی شنگال.

باس لەوەش دەکات کە ئێستا هەر سێ تیرۆریستی داواکراو رادەستی یاسا کراون.

News Code 221997

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha