بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەجید حەمەئەمین، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: "تێوە گلاندنی دەزگا یاساییەکان لە ململانێی سیاسی کارێکی باش نییە، داواکاری گشتی دەبێت لەسەر زیادکردنی زەریبەو گیراوانی بادینان و سنوردارکردنی ئازادییەکان بێتە دەنگ، نەک دەستوەردان لە مەسەلەی وەهاب هەڵەبجەیی بکات، کە هێندە دۆسیەیەکی سیاسییە ئەوەندە یاسایی نییە."
مەجید حەمەئەمین وتیشی: "ئەو داواکارییە بنەمای یاسایی نییە. یەکێتی وەکو داواکارییەکی ئاسایی ناو سۆشیال میدیا تەماشای دەکات، لەگەڵ رێزم بۆ داواکاری گشتی."
وەهاب هەڵەبجەیی، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی و چەند ئەفسەرێکی ئەو دەزگایە بڕیاری دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگای هەولێرەوە بۆ دەرکراوە بەتۆمەتی کوشتنی عەقید هاوکار جاف کە ئەفسەرێکی دژە تیرۆری یەکێتی بو لە مانگی ۱۰ی ساڵی ۲۰۲۲ لە هەولێر کوژرا.
ڕۆژی چوارشەممە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند ڕادەستنەکردنی "داواکراوەکان" دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو "تۆمەتبارانە" پەنا بۆ کاری "قێزەون"ی دیکە بەرن و حاڵەتەکانی کوشتن و رفاندن ڕو لە زیادبوون بکات.
ڕاگەیەنراوەکە وتووشیەتی: "بەداخەوە ماوەیەکە لە سنوری دەڤەری سلێمانی بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەو ناکۆکییە ناوخۆیی و حزبی و کەسییەکان رۆژبەرۆژ ڕو لە زیادبوونە".
Your Comment