لێدوانە دژبەیەکەکانی سەرۆکایەتی هەرێم ‌و حکوومەتی هەرێم لەبارەی بەغداوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا مشتومڕی دروست‌کردووەتەوە، بەجۆرێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر زاری چەند بەرپرسێکییەوە هۆشداری داوە لە مامەڵەی نەرێنی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و مەترسی خۆشی نیشانداوە، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هیچ نیگەرانییەکی بەرامبەر بەغدا نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئێمە بەوچاوە سەیری حکومەتی بەغدا ناکەین دژی هەرێمی کوردستان بێت و کار بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم بکات، ئێمە ئاراستەیەکی فەڕمی بۆ دژایەتی هەرێم لە بەغدا نابینین و ئەوەش روونادات، بەڵام خۆی سیاسەتکردن بریتییە لە ململانێ، ئێمە هەوڵی بەهێزکردن دەدەین و لایەکی دیکەش هەوڵی خۆبەهێزکردن دەدات.

ناوبراو دەشڵێت "هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و وردەکارییەکانی یاسای بودجە دەبێت، لەگفتوگۆداین، سەردانەکان بەردەوامن و جێبەجێکردنی یاسای بودجە کات و رێنمایی دەوێت”.

دڵشاد شەهاب ئاماژە بەوەش دەکات: "جارێ زووە بڵێین تەگەرە دەخرێتە پێش جێبەجێکردنی یاسای بودجە یان جێبەجێنەکراوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق تێڕوانینی باشی بۆ رێککەوتنەکەی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە کە یەکێک لەبابەتەکان یاسای بودجەیە”.

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، دەنگوباسی گەڕانەوەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان نادروستە، چونکە هەرێمی کوردستان و هەولێر هەر عێراقە، عێراق لەشوێنێک نییە بگەڕێتەوە شوێنێکی دیکە، تەنها ناوچە کوردستانییەکان هەن ئەویش بە مادەی ۱۴۰ رێکخراون و گفتوگۆ لەسەری هەیە و هیچی دیکە لەئارادانییە، ئێمەش مامەڵە لەگەڵ ئەوبابەتە فەڕمیانە دەکەین.

 

ئەوە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "رەوشەکە باش ناڵێت، مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و دەبێت لایەنەکان یەکڕیز بن”.

هەورامانی دەڵێت "ئەو پارەی نێردراوە، بەغدا دەڵێت مووچەی مانگێکە بۆ فەرمانبەرانی ناردووە، بەڵام نەک شایستەی دارایی هەرێم نییە، بەڵکوو مووچەش نییە”.

 پێشەوا هەورامانی دەشڵێت: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کارێکی کردووە و هیچ نەماوە جێبەجێی نەکردبێت لەبەرامبەر بەغدا”.

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت "چاوەڕێ ناکرێت ڕەوشەکە بەوجۆرە بەردەوام بێت، حکومەتی هەرێمیش بێ دەنگ بمێنێتەوە، چونکە هەرێم بەتەواوی پابەندبووە، بەڵام ئەو ڕەوشەی ئێستا باش ناڵێت، خەریکە کێشەی بەنزینیش سەرهەڵ‌دەدات”.

پێشەوا هەورامانی ئاماژە بەوەش دەکات "ئەو گەشبینییەی هەمانبوو بەرامبەر بەغدا وەک پێویست نەبوو، ئێستا پێویستە هەموو لایەنەکان یەکدەست و یەک بڕیار بن، بەپێچەوانەوە مەترسی لەسەر هەموو هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەبێت، داواکارییەکانی بەغدا لەبیانوو دەچن وەک هەوڵێکن بۆ ڕێکنەکەوتن”.

هاوکات ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاندووە رەوشەکە هەستیارە دەبێت هەموو لایەنەکان زۆر بە پرۆفێشناڵانەوە مامەڵە بکەن.

وەزارەتی دارایی: بەغدا پابەندی رێککەوتنەکانی هەرێم و بەغدا و یاسای بوودجە نەبووە

لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند "بۆ هەموولایەکی ڕووندەکەینەوە کە حکومەتی عێراقی فیدراڵ‌و وەزارەتی دارایی عێراق بەهیچ جۆرێک پابەندنەبوون بەڕێکەوتنی نێوان هەرێم ‌و بەغدا و جێبەجێ‌کردنی یاسای بوودجەی عێراق”.

روونیشی‌کردەوە "ماف ‌و شایستە داراییەکانی هەرێم بەگوێرەی یاسای بوجە مانگانە زیاتر لەیەک ترلیۆن‌و ۳۸۴ ملیار دینارە، تەنها بۆ موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشیان ‌و پێشمەرگە مانگانە ۹۰۶ ملیار دینار لەیاساکە تەرخان‌کراوە”. 

دەشڵێت: "ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجە و هەموو ئەو ڕێکەوتنانەیە کە لەنێوان هەردولا ئەنجام دراوە”.

 

News Code 221950

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha