بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی سەعدون لامی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسەکانی عێراق ئاشکرای کرد، هیچ بەرەوپێشچوونێک لەبارەی یاسای نەوت و غازەوە نییە و ناکۆکیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی یاساکە بەردەوامە.
عەلی لامی دەڵێت: "دیارترین خاڵی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغداد بریتییە لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە، کورد داوا دەکەن هەرێم ئیدارەی ئەو کێڵگە نەوتییانە بدات".
بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، جگە لە بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت، هەرێم و بەغداد لەبارەی میکانیزمی بەبازاڕخستنی نەوتەوە ناکۆکن، ئایا سۆمۆ بیفرۆشێت یان هەرێمی کوردستان، ئەمە جگە لە ناکۆکی سەبارەت بە داهاتەکانی نەوت.
گفتوگۆو دانیشتن لەسەر مێز باشترین چارەسەرە بۆ لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان، ئەندامانی لیژنەی نەوت لە پەرلەمان چاویان بە لەتیف رەشیدی سەرۆک کۆمارو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانو سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کەوتووە، هەموویان پاڵپشتی خۆیان بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوتو غاز دەربڕیوە بەمەبەستی تێپەڕاندنی کێشەیەکی گرنگ" عەلی لامی وا دەڵێ.
بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، لیژنەی نەوتو غازی پەرلەمانی عێراق داوای دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کردووە بەمەبەستی گوێگرتن لە بۆچونەکانیو گفتوگۆکردنو لێکنزیککردنەوە، بەڵام ئەم دیدارە تائێستا نەکراوە.
یاسای نەوت و غازی فیدراڵ یەکێک لەو یاسا گرنگانەیە کە ساڵی ۲۰۰۵ دوای پەسەندکردنی دەستوریی هەمیشەیی عێراق دەبوو لە پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغداد ئەم یاسایە تائێستا پەسەند نەکراوە.
کابینەی محەمەد شیاع سوودانی یەکێک لە بەڵێنەکانی بۆ کورد ئەوە بوو، دوای دەستبەکاربوونی حکوومەت، لەماوەی شەش مانگدا ئەم یاسایە ئاڕاستەی پەرلەمان بکات بەمەبەستی پەسەندکردنی، بەڵام جارێکی تر ناکۆکی هەرێم و بەغداد رێگر بووە لەوەی لەوادەی دیاریکراودا یاساکە لە پەرلەمان پەسەندبکرێت.
هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی یاسای نەوتو غاز لە عێراق، ساڵی ۲۰۰۷ یاسای نەوت و غازی تایبەت بەخۆی دەرکرد و بەپێی ئەو یاسایە نەوتی هەناردەی دەرەوە کرد، بەڵام ناوەڕاستی شوباتی ۲۰۲۲ دادگای فیدراڵی یاساکەی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، ئێستا ئیتر زیاتر لە حکوومەتی فیدراڵ، حکوومەتی هەرێم چاوی لە دەرچوونی یاسای نەوتو غازە لە پەرلەمانی عێراق، چوونکە بەبێ بوونی ئەم یاسایە پرۆسەی نەوت و غازی هەرێم هیچ کەڤەرێکی یاسایی نابێت، بەتایبەتیش لەکاتێکدا بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، تورکیا لە بەرەبەیانی رۆژی ۲۵ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگرتووە.
حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە یاسای نەوت و غازی فیدراڵدا بەشێک لەو دەسەڵاتانە بگەڕێنێتەوە کە بەمدواییە بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق و بڕیاری دادگای پاریسەوە لە کەرتی نەوتدا لەدەستیداوە، لایەنە شیعەکانی عێراقیش کە پێکهێنەری سەرەکی حکوومەتی سوودانین، بەئاڕاستەی پێچەوانەدا فشار دەکەنو دەیانەوێت نەوتی هەرێم بخە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی بەغدادەوە.
سهرهتای شوباتی ئهمساڵ، وهفدی حکومهتی ههرێم و حکومهتی فیدراڵ چوونه ناو دانوستانهوه بۆ رێککهوتن لهسهر یاسای نهوت و غاز، بهڵام دانوستانهکه بێ ئهنجام بووه، چوونکه حکوومهتی فیدراڵی عێراق دژی ئهوهیه له یاسای نهوت و غازدا دهسهڵاتی ههناردهکردنی نهوت، فرۆشتنی نهوت و بهڕێوهبردنی کێڵگهکان بدات به حکوومهتی ههرێم، سهرباری ئهمه دژی ئهوهیه ههرێم یاسای نهوت و غاز و ئهنجومهنی نهوت و غازی تایبهت بهخۆی ههبێت، بۆری نهوتی خۆی ههبێت.
Your Comment