حكوومه‌تى هه‌رێم: چیدی ‌پرسى مووچە‌ پێوەندیی بە ئێمەوە نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حکوومەتى هەرێم لەبارەى مووچەوە راگەیەنراوێکى بڵاو کردەوە و ده‌ڵێت پێشتر حکوومەتى هەرێم هەموو مانگێک مووچەى بۆ هاونیشتیمانیان دابین كردووه‌، بەڵام ئێستا ئەوە ئەرکى حکوومەتى عێراقە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشه‌وا هه‌ورامى وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێم له ‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا نووسیویه‌تى: "پرسی مووچەی هاونیشتمانیانی هەرێم گرنگترین بابەت ‌و ئەولەوییەت بووە لەلایەن حکوومەتی هەرێم‌ و هەتا ئەو ڕۆژەی پشتمان بەداهاتی ناوخۆو نەوت دەبەست بۆ دابین‌کردنی مووچە، حکوومەتی هەرێم کەمتەرخەم نەبووە و هەموو مانگێک مووچەی تەواوەتی هاونیشتمانیانی دابین‌کردوە".

هه‌ورامى ئه‌وه‌شى وتووه‌، "ئێستا کە داهاتی نەوت بەڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراقی لەدەست هەرێم نەماوە، حکوومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانێت، لە دابین‌کردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێم بەپێی یاسای بوودجە".

وته‌بێژى حكوومه‌تی هەرێم ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردووه‌، "لەم پرسەدا ئێمە هەموو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردوە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بەجێ‌گەیاندووە و تا ئەمڕۆش بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق هەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران بنێرێت‌ و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەکەوێت".

هه‌ر له ‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمدا ئه‌وه‌ش هاتووه: "پەیامی ئێمە بۆ بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان ‌و خەڵکانێک هەیە کە لەماوەی ئەم چەند ساڵە بەهیچ جۆرێک گوێیان بەپێگەی یاسایی ‌و دەستووری هەرێم نەداوە و وەک هاونیشتمانییەکی خەمخۆری خەڵکی کوردستان ڕەفتاریان نەکردووە، لەمە زیاتر لە پێگەی هەرێم نەدەن ‌و بۆ جارێکیشبێت بەرپرسیارانە بەرامبەر خەڵکی کوردستان ‌و مافە دەستوورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن، ئەم پرسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەژیان‌ و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و بابەتی موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و پێویستە نەکرێتە ئامرازێک بۆ لێدان لە پێگەی یاسایی ‌و دەستوریی هەرێم".

News Code 221905

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha