نەوت و بوودجە دوو هۆکاری کۆکی و ناکۆکیی پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دکتۆر نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا، هەندێک لە ڕەهندەکانی نەوت و بودجەی ڕوونکردەوە و نەوت و بودجەی بە دوو هۆکاری سەرەکی کۆکی و ناکۆکیی پێوەندییەکانی بەغدا و هەلێر لە قەڵمەدا.

کوردپرێس:

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق و دادگای پاریس سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وایکرد دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە ببێتەوە. پرسێکی تریش پەیوەستە بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ۲۰۲۳ی عێراق و خستنەڕووی بڕگەیەک لە پڕۆژە یاساکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، ئەمەش کاردانەوەکانی لەبارەی ئایندەی سیاسی و یاسایی و ئابووری هەرێمی کوردستان زیاد کرد. ئاژانسی کوردپرێس هەوڵ دەدات بە مەبەستی لێکدانەوەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە دوو بواری سەرەکیی نەوت و بوودجە لەگەڵ شرۆڤەکاراندا گفتوگۆ بکات، لەم دیمانەیەشدا ڕاوبۆچوونەکانی د.نەرمین مەعرووف نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە درێژەدا دەخوێننەوە.

 

سکاڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر سێ مادەی پڕۆژەیاسای بوودجە

سەرۆک وەزیرانی عێراق سکاڵایەکی لەسەر هەندێک مادەی یاسای بودجە تۆمار کردووە. چوونکە ئەم ماددانە هەمان ئەو دەقە نییە کە حکوومەت بۆ پەرلەمانی ناردووە و گۆڕانکاری تێدا کراوە. هەروەها ئەو ماددانە کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە گۆڕانکارییان تێدا کراوە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سکاڵاکەیدا باسی ئەو سێ مادەیەی نەکردووە کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە. لەلایەکی دیکەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای لەسەر مادەکانی ۱۱ و ۱۲ و ۱۳ تۆمارکردووە. د.نەرمین مەعرووف سەبارەت بێ‌دەنگیی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بەو مادانەی کە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق تەرخان کراون، بە کوردپرێسی وت: دیارە ئەو مادانەی تایبەتن بە هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی کە خاوە مەسڵەحەت، بە پلەی یەکەم حکوومەتی هەرێمە بۆیە حکوومەتی فیدراڵی تانەی لەسەر نەداوە بەڵام حکوومەتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی تانەی لەسەر مادەکانی ۱۱ و ۱۲ و ۱۳ و هەروەها ۲یش تۆمار کردووە ئەوەش بە پاساوی ئەوەی کە ئەو مادانە کە لە ناو یاساکە جێگیر کراون وەک ئەو دەقانە نییە کە یەکەمجار لە حکوومەتەوە ڕۆشتووە بۆ پەرلەمانی عێراق. حکوومەتی فیدراڵ سکاڵای تۆمار نەکردووە لەبەر ئەوەی کە ئەو خاوەن مەسڵەحەت یان موتەزەڕێرە لەو دەقانە نییە بۆیە حکوومەتی هەرێم ئەو سکاڵایەی تۆمار کردووە.

 

دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان

لەبارەی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان کە پێی بەشدارە لەناو یاسای بوودجەدا بۆ ساڵی ۲۰۲۳. دیارە ئەمە لەدوای بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانیی پاریس حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە نەوت هەناردە بکات لە بەندەری جەیهانەوە و بەپێی مادەی ۱۲ی ناو بوودجە هەرێمی کوردستان پێویستە ئەم ۴۰۰ هەزار بەرمیلە کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بووە لە بنەڕەتدا و ڕەزارەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر بووە پێویستە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی بکات بە مەبەستی هەناردە کردن لە بەندەری جەیهان یا هەر دەروازەیەکی دیکەوە. ئەگەر نەتوانرا هەناردە بکرێت ئەبێت هەر دیسان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی بکات بەمەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی. واتا لە هەموو بارودۆخێکدا هەرێمی کوردستان دەبێت پابەند بێت بە ڕادەست کردنی ئەو ۴۰۰ هەزار بەرمیلە. بەڵام ئەو ڕێکارانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا گیراونەتە بەر بۆ دووبارە هەناردە کردنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە دیارە پێویستی بە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی تورکیا هەیە و ئەمە هیچ پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە. واتا حکوومەتی فیدراڵ خۆی لایەنی سکاڵاکە بووە لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس و دادگاکەیش لە بەرژەوەندیی حکوومەتی عێراق سکاڵاکەی یەکلایی کردۆتەوە و ئێستا دۆسییەکە لەنێوان تورکیا و عێراقە و ئەم کێشە هیچ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە ئەمەش لەبەر ئەوەی کە ئەوەی پێوەندیی نێوان هەرێم و بەغدایە لەسەر ئەو دۆسییەیە لەناو پڕۆژیاسای بوودجەدا باسی لێوە کراوە کە پاندیی هەرێمە و لە بەرامبەردا شایستەکەیە، ئەمانە پێوەندیی بە لایەنی تورکیاوە نییە واتا حکوومەتی هەرێم موعتەرێز نییە لەسەر ئەوەی کە هەناردەی نەوت دەست پێبکاتەوە. بەڵام ئەوە لایەنی تورکیە کە وا ڕازی نییە بە دووبارە هەناردە کردنەوەی نەوت بە‌بێ ڕەچاو کردنی مەرجەکانی خۆی وەکوو باس ئەکرێت کە پێوەندیی هەیە بە داخوازیی ئەوان بۆ ئەوەی کە هاوشێوەی ڕابردوو سوودمەند بن لە نەوتی هەرێم و بە نرخێکی هەرزانتر و کرێی بۆریی گواستنەوەی نەوت لە دیوی تورکیاوە و هەروەها سوودمەن بوونی کۆمپانیای تورکیا لە ئەو گواستنەوەیە. جگە لەمانەش بابەتب قەرەبووی عێراق کە لەلایەن دادگای ناوبژیوانیی پاریسەوە لەسەر تورکیا فەرز کراوە. هەموو ئەمانە ئەو خاڵانەن کە لایەنی عێراقی و لایەنی تورکی هێشتا لەسەر ڕێککنەکەوتوون هەر بۆیە دووبارە هەناردە کردنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە هێشتا دەستی پێنەکردۆتەوە.

 

پاشەکەوتی مووچە

پاشەکەوتی مووچە، دابەش نەکردن و لێبڕین هەر سێکی سێ باری جیاوازە تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕوویداوە. ڕاستیەکە ئەوەیە کە ناتوانین یەکلای کەینەوە بە زارەکی کە ئایا لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمە یان لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵە چوونکە ئەم بارودۆخە بۆیە هاتۆتە ئاراوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشکی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و پاساوی ئەوانیش ئەمەیە کە وا هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە ڕادەست کردنی ئەو بڕە نەوتەی لە بوودجەدا لە ساڵانی ڕابردوودا جێگیر کراوە. ئەمانش دوای ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بڕیاری دا کە ئابووری سەربەخۆی هەبێت و لای خۆیەوە نەوت هەناردە بکات.

گرینگ یەک نەتیجەیە ئەوەش ئەمەیە کە وا بڕێک پارەی شایستەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە ئەستۆی حکوومەتی عێراق بێت یان حکوومەتی هەرێم یان هەردوویان، گرینگ ئەوەیە کە ئەم شایستە بگاتە دەستی خاوەنەکانیان. دیارە لە ماوەی ڕابردووشدا من بە چەند شێوازێک هەوڵم دا کە لە ناو یاسای بوودجەدا ئەو بڕگەیەی تایبەت بە گەڕانەوەی پاشەکەوتەکە جێگیر بکەم. چە لەو پڕۆژەی یەکەمجار کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشکەشی کردبوو کە بە ڕێژەی لەسەدا ۱۰ی لە پشکی هەرێم ئەو پارەیە بدرێتەوە و دواتریش ئەو پڕۆژە هاوبەشەی کە بەشێک لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان پێشکەشیان کرد کە ڕێژەکە بکرێتە ۱۲ لەسەد و بە هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکوومەت بدرێتەوە. کە ئەمەش دیسان هەر شکستی هێنا. هەوڵی سێیەمیشم ئەوە بوو کە کۆتا شەوی دەنگدان لەسەر یاسای بوودجە لەنێو پەرلەمان داوای هەموار کردنەوەی مادەی ۲ی بڕگەی یەکەمی خاڵی ۵م کرد کە تایبەت بوو بە زیادەی فرۆشتنی نەوتی خاو لەسەرووی ۷۰ دۆلارەوە کە داوام کرد لە پشکی هەرێمی کوردستان لەو ۴۰۰ هەزار بەرمیلە لە زیادی سێعری فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە بە ڕێژەی لەسەدا ۳۰ی تەرخان بکرێت بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتەکە کە تەقریبەن من مەزەندەم کردبوو ئەگەر ۱۰ دۆلاریش فەرقی هەبێت ئەوە ساڵانە نزیکەی ۵۶۱ ملیار دینار دەست دەکەوێت کە دەتوانێت سوودی لێوەربگیردرێت بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوت.

ئەگەرچی من ئەو پێشنیازە لەگەڵ دەقە یاساییەکەی کە خوێندرایەوە ئامادەم کرد لە ناو پەرلەمان و پێشتریش لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان قسەم کردبوو لەسەری بەڵام بەداخەوە لە کاتێکدا خرایە دەنگدانەوە بەپێی بڕیاری سەرۆکی پەرلەمان ئەو بڕگەیە دەنگی نەهێنا بۆیە بەداخەوە نەمانتوانی لە ناو بوودجەدا ئەو بڕگەیە جێگیر بکەین ئەگەرچی لەناو کۆبوونەوەکانی لیژنەی داراییدا من بۆ خۆم توانی ئەو بڕگە جێگیر بکەم بەڵام دوایی لە کاتی پڕۆسەی دەنگداندا بڕگەکە جێگیر نەکرا.

دواجار بڕگەیەکی دیکە هەیە کە لە مادەی ۱۲دا هاتووە کە پێویستە حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ ماوەی نێوان ۲۰۰۴ تا ۲۰۲۲ پاکتاوی دارایی بکەن و ئەگەر بێت و ئەو پاکتاوە داراییە بکرێت و مافی هەرێمی کوردستان بکەوێتە سەر حکوومەتی فیدراڵی ئەوە دەکرێت دواتر ئەو پاشەکەوتی مووچەیەش بخرێتە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵ یا ئەو بڕە پارەیەی کە ئەگەر مافی هەرێمی کوردستان بێت دەکرێت بەکار بهێنرێت بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوت و یا خود هەرێمی کوردستان خۆی لەو بڕە پارەیەی کە وا لە بەغداوە لە بەرامبەر پشکی خۆی وەریدەگرێت ئەکرێت برڕێکی دیاری بکات بۆ گێڕانەوەی ئەو پاشەکەوتە هاوشێوەی هەر قەرزێکی تر کە لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە.

 

یاسای بوودجە کەی جێبەجێ دەکرێت؟

لە ڕاستیدا هێشتا بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق نەکەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە لەبەر ئەوەی کە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت پێویستە ڕێنمایی بۆ دەربچێت و ڕێنمایەکانیش دەبوو هەفتەی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە دەربکرایەت ئەوەش بەپێی مادەی ۷۸ی یاساکە بەڵام هێشتا ڕێنماییەکان دەرنەچووە لەبەر ئەوەش بوودجەکە نەکەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە ئەگەرچی سەبارەت بە ۴۰۰ هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستان کە هەناردە نەکراوەتەوە بۆ دەرەوە بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراقی هەفتەی ڕابردوو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان توانیویانە ۱۵۰ هەزار بەرمیل لەو پشکەی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنن بۆ پێداویستیی ناوخۆ ئەمەش مانای وایە کە بە کرداری بەشێک لە بوودجە جێبەجێ کراوە.

بیریشمان نەچێت کە ئەو ۴۰۰ هەزار بەرمیلە لە کۆی نەوتی خەملێنراوی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ئینجا توانراوە لە ناو بوودجەدا ۱۱۷ تریلیۆن دینار بخەملێنرێت بۆ کۆ داهاتە گشتییەکان لە داهاتی نەوتی هەر بۆیە ڕاگرتنی ئەو هەناردەی نەوتە زیان بە تەقدیراتی نەوتی خاو ئەگەیەنێت لەناو بوودجەدا واتا داهاتە گشتییەکان ئەگەر فرۆشی نەوت هێشتا لەسەرووی ۷۰ دۆلارەوەیە تا ڕادەیەک گرانیی نەوت قەرەبووی کەم بوونی هەناردە ئەکاتەوە بەڵام بە تەواێتی قەرەبووی ۴۰۰ هەزار بەرمیلەکە ناکاتەوە کە لە داهاتی نەوت ئەژمار کراوە بۆیە ئەمە بابەتێکی گرنگە بۆ بوودجەی حکوومەتی فیدراڵ.

بەڵام لە هەموو بارودۆخێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان هیچ ڕێگریەک نەکات و بە تەواوی پابەند بێت بە ڕادەست کردنی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوت چ بۆ هەناردە کردن بێت یان بەۆ بەکار هێنانی ناوخۆیی ئەوە بێ‌گومان مانای وایە هەرێم پابەندە بە دەقی ناو پڕۆژەیاساکە و پاش ئەوە ئەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵ کە ئەرکی خۆی بەجێ بێنێت و شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات ئەگەر هاتوو نەوت هەناردە بکرێت یاخود هەناردە نەکرێت و لەناوخۆ بەکار بهێنرێت.

News Code 221861

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha