پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق و بژاردەکانی بەردەم بەغدا بۆ بڕیاردان لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی چەند پرسیاری سەبارەت بە بوودجە و نەوت دایەوە و بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان بەغدا چەندین بژاردەی لەبەردەستە لەوانە: وەرگرتنی غاز لە ئێران لە بەرامبەر نەوتی هەرێم، بەکارهێنانی نەوتی هەرێم بۆ سەرفی ناوخۆ، هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆریی نەوتی سووریاوە دوای نۆژەنکردنەوە و لە کۆتاییدا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.

کوردپرێس:

 سێ ڕووداوی سیاسی گرینگ کە لەم ماوەیەی کاریگەریی گەورەیان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان هەبووە، پێویستی بە خوێندنەوە و شیکردنەوە دەبێت ئەوەش لە چەند ڕەهەندی جیاوازەوە. ڕووداوی یەکەم بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق و دادگای پاریس بوو سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم. پرسی دووەم دەرکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بوو سەبارەت بە نایاسایی بوونی درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ئەنجامدا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بۆشایی یاسایی بووەوە. پرسی سێیەم پەیوەستە بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ۲۰۲۳ی عێراق و خستنەڕووی بڕگەکان لە پڕۆژە یاساکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان.

ئەم سێ پرسه گەورەیه گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستانی لەهەموو ڕوویەکەوە خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆی. ئاژانسی کوردپرێس هەوڵ دەدات بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە دوو تەوەری سەرەکی نەوت و بوودجە؛ لەگەڵ پسپۆڕانی ئەو دوو بوارە گفتوگۆ بکات و لە گفتوگۆی ئێستاشدا تێڕوانینی غالب محەمەد ئەندامی پێشووی لیژنەی نەوت و کۆمیسیۆنی وزە لە پەرلەمانی عێراق، لەمبارەوە دەخوێننەوە.

 

چارەنووسی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان چی بەسەردا دێت؟

سەرەڕای گفتوگۆکان و ڕاگەیاندنی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە، هێشتا ڕوون نییە ئەو ۴۰۰ هەزار بەرمیلە نەوتەی هەرێمی کوردستان چی بەسەر دێت. بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ۲۰۲۳ی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە ڕادەست کردنی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەغدا لە ڕۆژێکدا، لەبەرامبەریشدا بەپێی بڕگەکانی یاسای بوودجە پشکی ۱۲.۶۷لەسەدی خۆی لە بوودجە وەردەگرێت. بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق و ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی ناسراو بە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕاگیراوە و هەرێمی کوردستانیش ناچار کراوە دۆسیەی نەوتیی خۆی ڕادەستی بەغدا بکات. لەلایەکی دیکەوە تورکیا مەرجی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە داناوە و ئەمەش هەناردە کردنەوەی نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەست دژوار کردووە. ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چی بەسەر دێت؟

غالب محەمەد لەبارەی چارەنووسی نەوتی هەرێم چەند بابەتی خستەڕوو و وێڕای لێکدانەوەی بژادەکانی بەدەست حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەمبارەوە بە کوردپرێسی وت:

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئێستە پەیوەستە بەدوای ئەوەی کە دادگای فیدراڵی عێراق قەراری دا کە دەبێت نەوتی هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی نەوتی عێراق بێت وە فرۆشتنیشی دەبێت لەژێر دەسەڵاتی سۆمۆی عێراق بێت و دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس کە بڕیاری دا بە ئەوەی کە ئیتر نابێت نەوت هەناردە بکرێت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە چوونکە ئەم بۆرییە، بۆری عێراق و لە ساڵی ۱۹۷۳  دروست کراوە و ئەبێت ڕەزامەندیی حکوومەتی عێراقی لەسەر بێت. ئێستا ڕێککەوتنەکان لە بەینی و عێراق و تورکیادایە نەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان. واتا ئیتر بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە بکرێت ئەگەر عێراق ڕازی نەبێت. لەبەر ئەمەش ئێستە ڕێککەوتنەکان لەسەر ئەوەیە کە شاندێکی تورکی دێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی ڕێک بکەوێت لەگەڵ حکوومەتی عێراقی بۆ هەناردەی کردنی نەوت لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە.

تورکیا دەیەوێت تەرەفی سێهەم بێت و وەکوو جاران موستەفیدی یەکەم بێت لە مەسەلەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا و ئەوەمەش بەپێی قەوانین و دەستووری عێراق و نیزامی داخیلی شەریکەی سۆمۆ و نیزامی داخیلی وەزارەتی نەوتی عێراق، عێراق خۆی بەرپرسە کە چۆن تەعامول دەکات لە مەسەلەی نەوتەوە نەک ئەوەی وڵاتێکی دیکە بێت و کڕینی فرۆشتن بە نەوتی هەرێمەوە بکات، لەبەر ئەمەش هەرجۆرە ڕێککەوتنێک بکرێت لە نێوان عێراق و تورکیادا دەبێت و عێراق ڕازی بەوەی کە ئەگەر هات و ۲ بۆ ۳ دۆلار بۆ بەرمیلێکی نەوت بگاتە دەستی تورکیا بەڵام تورکیا وەکوو جاران دەیەوێت لە هەر بەرمیلێکدا ۱۹ دۆلاری دەست کەوێت بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

ئەگەر هاتوو نەوت هەناردە نەکرێت عێراق چەند ڕێگەیەکی لە بەردەستدایە یەکەم ئەوەیە کە نەوتەکەی لەناوخۆ بەکار بێنێت چوونکە عێراق ڕۆژانە لەناخۆ ۸۰۰ هەزار بەرمیل نەوت بەکار دێنێت و دەتوانێت ئەم ۴۰۰ هەزار بەرمیلەی هەرێمی کوردستانیش لەناوخۆ بەکار بێنێت و لەبەرمبەر ئەودا ۴۰۰ هەزار بەرمیل لە ڕێگای بەسرەوە بنێرێت ئەمە یەکێک لە ڕێگاکانە.

ڕێگایەکی دیکە هەیە کە ڕێگاچارەی دیکە بدۆزێتەوە، بۆ نموونە بۆریی نەوتی سووریا چاکە کە ئەمانە کاتی دەوێت. ئەمەش ئەگەر نەبوو ڕێگایەکی دیکە هەیە کە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و عێراقدا کراوە کە لە مەسەلەی غازدا موقایزە بکرێت واتە ئێران غاز بە عێراق بدات و لە موقابیلدا یان نەوتی ڕەش وەرگرێت یان نەوتی خاو وەرگرێت. عێراق لەم ڕێگایەوە دەتوانێت جارێکی دیکە بە بۆنەی نزیک بوونی هەولێر و سلێمانی بە ئێرانەوە ۲۰۰ هەزار بەرمیل لەو نەوتە بدات ئێران لە بەرامبەردا غاز وەرگرێت.

کە واتا عێراق بەرپرسە لە تەعامول کردنی بە مەسەلەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی لەسەرە کە ئەبێت مووچە و بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی قانوون بنێرێت.

 

بڕگەی ۱۰ لە ماددەی ۱۳ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە یان زیانی هەیە بۆی؟

یەکێک لەو بڕگانەی لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ۲۰۲۳ی عێراقدا مشتومڕی زۆری لەسەرە بڕگەی ۱۰ی مادەی ۱۳ی ئەم یاسایە بوو. بەپێی ئەم بڕگەیە، ئەگەر پارێزگایەک بسەلمێنێت کە نادادپەروەری لە دابەشکردنی پشکی بودجە بەرامبەر ئەو پارێزگایە کراوە، دەتوانێت ناڕەزایی خۆی بۆ حکوومەتی فیدراڵی دەرببڕێت، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەسەڵاتی ئەوەی بڕیار بدات ئەو پارێزگایە ڕاستەوخۆ بودجە لە بەغداوە وەر بگرێت. بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، خستنەڕووی ئەم بڕگەیە وەک زەبرێک لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەزانن و کاردانەوەی توندیان هەبوو. هاوکات هەندێک لایەنی دیکە لە سەروویانەوە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ئەم بڕگە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەزانن.

غالب محەمەد لەبارەی بڕگەی ۱۰ی مادەی ۱۳ کە ئایا لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە یان نا بە کوردپرێسی وت: بڕگەی ۱۰ی مادەی ۱۳ی بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق، بە وازحی دەڵێت ئەگەر هات و ئەو بەشە بوودجەی کە لە عێراقەوە دێت بۆ هەرێمی کوردستان ئەبێت مەسەلەی مووچە بە ئەولەویت بزانێت هەروەها پڕۆژە ستراتێژییەکان بە ئەولەویت بزانێت. ئەگەر هات و هەرێمی کوردستان بە ناعەدالەتانە ئەو پارەی دابەش کرد لە مەسەلەی بوودجە و لە مەسەلەی پڕۆژەکاندا ئەوە سەلاحییەت دەدرێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق کە خۆی بە ڕاستەوخۆ پارە بۆ ئەو پارێزگایە بنێرێت کە غەدری لێکراوە. کە واتا هەر کاتێک پارێزگایەک بزانێت غەدری لێکراوە دەتوانێت بچێت بۆ لای سەرۆک وەزیران  یا ئەنجومەنی پارێزگاکەی و بڵێن ئێمە غەدرمان لێدەکرێت و داوا دەکەین کە ڕاستەوخۆ بەشە بوودجەکەمان بنێرن و ئەمەش شتێکی تەبیعییە و نە نادەستوورییە و نە ناقانوونییە. بۆ نموونە ئێستە ئێمە لە پارێزگای سلێمانی دەرمانمان بە ڕاستەوخۆ دێت و تەعامولمان لە مەسەلەی گەنم هەر ڕاستەوخۆیە هەروەها لە زۆر شتی دیکەدا و لە سووتەمەنیشدا ڕاستەوخۆیە، کە واتە قەیچیدەکات بە پارەکەیش ڕاستەوخۆ بێت.

 

پڕۆژەیاسای بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق و ناڕەزایی دەربڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان

دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ۲۰۲۳ی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی زۆری نیشاندا، بەڵام سەرەڕای ئەو دژایەتی و ناڕەزایەتیانە، ڕایگەیاند، هیچ سکاڵایەک لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە تۆمار ناکات. ئەم ڕێدۆزە موتەزادە پرسیارێکی گەورە دەوروژێنێت کە ئەگەر بودجەی ۲۰۲۳ی عێراق بە زیانی هەرێمی کوردستان بێت و پارتی دیموکراتیش ناڕەزایی بەرامبەری هەبێت، بۆچی سکاڵا لەو بارەوە تۆمار ناکات بۆ ئەوەی بە فەرمی ناڕەزایەتی خۆی ڕابگەیەنێت؟ ئەگەریش پرۆژەیاسای بوودجە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە هۆکاری دژایەتی پارتی دیموکرات چی بوو؟

غالب محەمەد لەمبارەوە بە کوردپرێسی وت: بۆ مەسەلەی ناڕازی بوونی پارتی، پارتی دەیویست مەجمووعەیەک فەقەرە هەیە کە تێی نەخات. یەک لەوانە ئەوە بوو کە پارتی دەیویست هەر ئەوە بێت لە یاسای بوودجەدا کە ئەبێت نەوت هەناردە بکرێت لە ڕێگای تورکیاوە و بە موشتەرەکی ئیدارەی بدەن. بەڵام ئەو فەقەرە گۆڕا و کرا بەوەی کە ئەگەر نەوت لە ڕێگای تورکیاوە هەناردە نەکرێت ئەتوانین لەناوخۆ سەرفی کەین و وەزیری نەوتی عێراقی سەرپشک کرد. پارتی دەیویست هەرچۆنێک بێت کە فەرز لەسەر عێراق بکات کە لەگەڵ تورکیا ڕێککەوێت، بەڵام عێراق چوو ئەو فەقەرانەی تێخست کە پێویست ناکات لەگەڵ تورکیا ڕێککەوێت دەیەوێت لە ناوخۆدا و لە ڕێگایەکی تر سەرفی بکات.

کێشەیەکی دیکە ئەو بوو کە پارتی بە ڕاستی دژی مافەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بوو و دەیویست فەقەرەی پاشەکەوتی مووچە لابدات و بەداخەوە  بەهۆی زەخت و بەهۆی ئەوەی کە بەشێک لەلایەنە شیعەکان کە لەگەڵ ئەو بابەتە نەبوون کە ئەو فەقەرەیانە لادا.

ناڕەزایەتییەکی دیکەی ئەوەیە کە نایەوێت پارێزگایەک جیا ببێتەوە و دەیەوێت هەر وەکوو جاران کە چۆن غەدر لە پارێزگای سلێمانی دەکات ئەو غەدرە درێژەی هەبێت بەڵام خۆشبەختانە ئەم جارەی ئەوەی بۆ جێبەجێ نەبوو. من کاتی خۆیشی وتوومە پارتی بە هیچ شێوەیەک سکاڵا تۆمار ناکات چوونکە ئەوان وەزعیان زۆر زۆر خراپە. ئەگەر بوودجە وەکوو خۆی جێبەجێ نەکرێت ناتوانێت نەوتیش هەناردە بکات هەر دەتوانێت ۲۰۰ هەزار بەرمیلی لەناوخۆ بفرۆشێت کە بوودجەی پێدابین ناکرێت. حکوومەتەکە خۆی ئێستا فەشەلی هێناوە و زیاتر هەڵدەوەشێتەوە لەبەر ئەوەش سکاڵا تۆمار ناکات و ئەیەوێت زووتر یاسای بوودجەی عێراق جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی کە بەشە بوودجەکەی بۆ بێت و بتوانێت مووچە بدات.

 

لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ۲۰۲۳ی عێراق چ کەسانێک بەهرەمەند دەبن و کێ خەساری بەدەکەوێت؟

غالب محەمەد دەڵێت بە بۆنەی پڕۆژیاسای بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراقەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ساڵێکدا زیاتر لە ۱۸ تریلیۆن دینار وەرگرێت و وتیشی: ئەم بڕەپارەیە بەشی مووچە و بوودجە و خزمەتگوزرای و پڕۆژە و هەموو شتێکمان ئەکات، لەبەر ئەمانەش لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و لە زەرەری دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، چوونکە ئەم دەسەڵاتدارانە دەیانویست نەوت بفرۆشن. بۆ نموونە لە ۲۰۲۲دا ۱۳ ملیار دۆلار نەوتیان فرۆشتووە و تەنها ۵ ملیار دۆلاری هاتۆتە ناو خەزێنە و ۸ی دیار نەماوە.

ناوبراو زیادی کرد: بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە ئیتر ئەو هەموو پارە بردنە نامێنێتەوە واتا لە مەسەلەی نەوتدا مانگانە ۱ ترلیۆن ۵۰۰ ملیار دیناری بۆ هاتووە بەڵام هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا مووچەیان وەرنەگرتووە و خزمەتگوزرای نییە و باج زیاد کراوە. لەبەر ئەمەش ئەم یاسایە ۱۰۰لەسەد لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و لە زەرەری دەسەڵاتدارانە.

News Code 221860

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha