بڕیاری دوو دادگای فیدراڵی عێراق و دادگای پاریس کاریگەریی لەسەرە ڕەوشی بوودجە و نەوتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی و و بەرپرسی دەزگای ستاندەر وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردپرێسی سەبارەت بە بودجە و نەوتی هەرێمی کوردستان دایەوە و ڕایگەیاند: بڕیاری دوو دادگای فیدراڵی عێراق و دادگای نێودەوڵەتیی پاریس کاریگەریی لەسەرە ڕەوشی بوودجە و نەوتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.

کوردپرێس:

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق و دادگای ناوبژیوانیی پاریس سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وایکرد دۆخی ئابووری هەرێمی ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ ببێتەوە. بابەتێکی دیکەش پەیوەستە بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق و خستنەڕووی بڕگەیەک لە پڕۆژە یاساکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، ئەمەش کاردانەوەکانی لەبارەی ئایندەی سیاسی و یاسایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان زیاد کرد. هەواڵدەریی کوردپرێس هەوڵ دەدات بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە دوو بواری سەرەکیی نەوت و بوودجەوە ڕوون بکاتەوە و لەم گفتوگۆیەشدا ڕا و بۆچوونی مەسعوود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی و بەرپرسی دەزگای ستاندەر سەبارەت بەم بابەتە گرنگانە بڵاو دەکرێتەوە.

 

خاڵە لاواز و بەهێزەکانی بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق 

مەسعوود عەبدولخالق سەبارە بە خاڵە لاواز و بەهێزەکانی بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق بە کوردپرێسی وت: خاڵی لاوازی بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق بە گشتی ئەوەیە کە ئیعتیمادی عێراق لەسەر نەوتە واتا بەشەکانی تجاری و سناعی و زراعی و زۆر زۆر لاوازە بەڵام خاڵی بەهێزی ئەوەیە کە بوودجەکەی زۆرە و لە تاریخی عێراق یەکەم جارە ئەو بوودجەیە هەیە و بە سەرکەوتووییش تەوزیع کراوە. بەڵام بۆ کوردستان ئەوەیە کە کوردستان هەر بوودجەی نییە و داهاتەکانی دیار نییە و شەفاف نییەن. ڕەنگە ئەوە لە عێراقیش هەبێت بەڵام دامودەزگاکانی عێراق تا ڕادەیەک لێپێچینەوە دەکەن بەڵام لە کوردستان کەمتر.

 ئەم بوودجە پەسەند کراوە بە تەئکید تەئسیرێکی زۆری دەبێت چوونکە تا ئێستا هەرێمی کوردستان بوودجەی نەبووە و لێپێچینەوە و ئەمانەش قبووڵ نەکراوە و تەنانەت پەرلەمانیش و دەستەی چاودێریش نەیتوانیوە ئەو کار بکات. بەڵام خاڵی ئیجابیی ئەوەیە کە خەڵک هیوای ئەوەیە کە لە عێراق چاودێریەکی ئەو بوودجەیە کە بۆ کوردستان تەرخان کراوە دەکرێت. خاڵی سەلبیشی زۆرە ئەو هەنگاوەی بوودجەی عێراق و زاڵ بوونی بەسەر هەرێمی کوردستان لاوازیی دەسەڵات و تا ڕادەیەک لاوازیی هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە.

 

کاریگەریی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق و دادگای پاریس لە سەر پرسی بوودجە و نەوت لە هەرێمی کوردستان

مەسعوود عەبدولخالق لەبارەی کاریگەریی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و دادگای نێودەوڵەتیی پاریس لەسەر بابەتی بوودجە و نەت لە هەرێم وتی: هەڵبەتە وازح دیارە کە لەژێر کاریگەریی ئەو دوو بڕیارەی نێودەوڵەتی و عێراق بوو کە هەرێمی کوردستان گورزێکی زۆر گەورەی بەرکەوت. لە ڕاستیدا ئەگەر بەراوردێکی وردی بۆ بکەین دەبینین دەسەڵاتی کوردی شکست و هەڵەیەکی گەورەی کرد. ئابووری سەربەخۆ و هەناردە کردنی نەوت لەلایەن دۆست برادەران و خەڵکی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هەر لە سەرەتاشدا پێیان باش نەبوو و بە دەسەڵاتیان گوت کە ئەو ئیشە بە ئێوە ناکرێت بەڵام هەر ئەو کارەیان کرد؛ کە ئەو کارەشیان کرد کاتێک سەدا ۱۷ی بوودجە لە عێراق دەهات و ئێستا تەنها لەسەدا ۱۲.۵ی ماوەتەوە ئەو کاتە نەوتی هەرێمی کوردستان لەژێر زەوی هەڵگیرا بوو ئێستا دەبێت ڕۆژانە ۴۰۰هەزار بەرمیل نەوت ببات و لە دوای فەترەیەکی زۆری قەیرانی بوودجە و مووچە بوو. دەبێت حکوومەتی ەهرێم بە خۆی بڵێت زیاتر لە ۲۸ ملیارد قەرزارم کە واتا ئەو هەموو زەرەرە و زیانەی کرد و بەگوێی کەسیشی نەکرد و دوایی نەوت و ئابووری سەربەخۆی خۆیشی تەسلیمی عێراق کردەوە. کە واتا شکستێکی زۆر زۆر گەورە بوو کە لە هەر شوێنێکی دیکەی دونیادا بووایەت حکوومەتەکە ئیستیقالەی دەدا و حکوومەتێکی تیکنۆکرات دەهاتە جێگای.

بڕگەی ۱۰ی مادەی ۱۳ی بوودجەی ساڵی ۲۰۲۳ی عێراق

یەکێک لەو بڕگانی کە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ۲۰۲۳ی عێراق مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە بڕگەی ۱۰ی مادەی ۱۳ی ئەم یاسایە بوو؛ بەپێی ئەم بڕگەیە، ئەگەر پارێزگایەک بیسەلمێنێت کە نادادپەروەری لە دابەش کردنی پشکی بودجە بەرامبەر ئەو پارێزگایە کراوە، دەتوانێت ناڕەزایی خۆی بۆ حکومەتی فیدراڵی دەرببڕێت، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە مامەڵەی دارایی ڕاستەوخۆی ئەو پارێزگایە لەگەڵ بەغدا ڕێکبخات. بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، جێگیر کردنی ئەم بڕگەیەیان وەک لێدانێک لە قەوارەی هەرێمی کوردستان لێکدایەوە و کاردانەوەیان هەبوو. هاوکات هەندێک لایەنی دیکە لەسەروی هەموویانەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جێگیر کردنی ئەم بڕگەیەیان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لە قەڵم­دا و هەوڵی بۆ دەدەن.

مەسعوود عەبدولخالق لەمبارەشەوە وتی شک و گومانی تێدا نییە کە ئەمە لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و بچووکی دەکاتەوە. بەڵام کێ وای کرد؟ هەر دەسەڵات خۆی فێری ئەوە بووە کە خۆی لە نزیک گوڵەوە پەنەرتی دەداتە لایەنی بەرانبەر ئەوانیش گولی لێدەکەن. یەعنی دەسەڵات خۆی سزای سلێمانیی دا و سلێمانیش بەو ئیشە هەڵسا. ئێستا ئەگەر هەولێر و دهۆک دەسەڵاتیان هەبا ئەوانیش حەزیان لێیە بوودجەکە ڕاستەوخۆ وەرگرن نەک لە ڕێگای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە کەس نازانێت لەنیوەی بوودجەکە چی دەکات؛ ئەو بوودجەیە کە ئێستاش هەیە کە دێتە هەولێر و دهۆک هەموو ئیشێکی پێدەکرێت. تەنانەت دیسان مووچەکەشی پێنادرێت. بۆیە واپێدەچێت هێشتا گورزی گەورەتر بەڕێوەیە. لەبەر ئەوەی کە مودەعی عام و ڕای گشتی و موعارزەیەکی بەهێز نییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەبەر هەرێم و بەر میللەتیش بکەوێت.

News Code 221852

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha