گرووپێکی چەکداریی عێراقی بنکەیەکی سەربازیی تورکیای لە دهۆک کردە ئامانج

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گرووپێکی چەکداریی عێراق بەناوی "لیوای ئەحراری عێراق" رایگەیاند، بنکەیەکی سەربازیی تورکیایان لە قەزای باتیفای سەر بە پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گرووپی "بەرگری ئیسلامیی لیوای ئەحرار عێراق"، کە گرووپێکی چەکداریی نەناسراوە، لەسەر زاری گوتەبێژەکەیەوە کە گوایە ناوی حاجی ئەبوو ئەحمەدە رایگەیاند: "ئەو دەرفەتە کۆتاییەی هاوئاهەنگییەکانی بەرگریی عێراقی بۆ هێزەکانی داگیرکاری لە عێراق رایگەیاندووە و پابەندبوونمان پێوەی راگەیاندووە، بەهیچ شێوەیەک هێزەکانی داگیرکاریی تورکیا ناگرێتەوە".

گوتەبێژی گرووپەکە دەڵێت لەدژی هێزەکانی تورکیا کردەوەیەکیان هەبووە، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکەی و جۆری ئەو چەکانەی بەکارهاتوون ئاشکرا بکات، دەڵێ: "ئەمڕۆ بە رۆڵەکانی گەلی خۆشەویستی عێراق و ئومەتی ئیسلامی رادەگەیێنین، سەرکەوتین لە بە ئامانج‌کردنی بنکەیەکی سەربازیی داگیرکاریی تورکیا لە کاژێر ۱:۵۵ (لە باتیفا) لە دهۆک، دوای هەوڵێكی زۆری هەواڵگری".

ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، ۵-۷-۲۰۲۳، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند لەکاژیر ۱۴:۲۵ـی ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر بارەگای لیوای یەکی پاسەوانی سنووری لە ناوەندی قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەهۆیەوە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.

دژە تیرۆر دەشڵێت: "هێرشەکە تیرۆرستی" بووە، درۆنەکە لەنێوان گوندی دووکەرێ و بەروشکا سەعدوونی لە سنووری قەزای باتیفاوە ئاراستەکراوە و لەو ناوچەیەش چەکدارانی پەکەکە هەن.

News Code 221794

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha