بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەژی ئەمین بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانەوە پەیامێكی توندی بڵاو كردەوە و رایگەیاندووە: "هەر لەم بۆنەیەدا دەمەوێت ئیدانەی هەر هەوڵێک بكەم بۆ پەلكێش كردنی دامودەزگای هەواڵگری و ئەمنی بێگانە بۆناو خاكی هەرێمی كوردستان. هەر ئەو هێزانەبوون لە ١٦ی ئۆكتۆبەر و كاتی دیكەشدا چەندین پێشمەرگەی قارەمانیان لەژێر دەبابەكانیاندا شەهیدكرد، بەسەر لاشەی شەهیدانماندا خاكی هەرێمی كوردستانیان داگیركرد".
دەقی پەیامەكە..
لەم بۆنەیەدا، ئومێد دەكەم لەژێرناوی جیاكردنەوەی بوودجە یان پشكی پارێزگادا، چیتر بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان نەكرێنە قوربانی بەرژەوەندی تەسكی حزبی.
داوا دەكەم سەركردایەتی سیاسی كورد ژیرانەتر و باشتر مامەڵە بكات لەسەر ئەم بابەتە، هەنگاوی لەمشێوەیە لەمێژوودا وەكوو خیانەتێک بەناوچاوانی داڕێژەرانی پیلانێكی لەمشێوەیە دەنووسرێتەوە.
ئەم پیلانە پێچەوانەیە لەگەڵ بنەماكانی دامەزراندنی یەكێتی لە مافی چارەی خۆنووسین و هەرهەنگاوێكی لەمشێوەیە سەروەری نەتەوەكەمان دەخاتەژێر مەترسییەوە.
پشتیوانی داگیركارانی كوردستان لەژوورە تاریكەكاندا لەبەرخاتری چاوی كاڵمان نیە، بەڵكوو بۆ لەباربردنی ئەم قەوارەیە.
هەر لەم بۆنەیەدا دەمەوێت ئیدانەی هەر هەوڵێک بكەم بۆ پەلكێش كردنی دامودەزگای هەواڵگری و ئەمنی بێگانە بۆناو خاكی هەرێمی كوردستان.
هەر ئەو هێزانەبوون لە ١٦ی ئۆكتۆبەر و كاتی دیكەشدا چەندین پێشمەرگەی قارەمانیان لەژێر دەبابەكانیاندا شەهید كرد، بەسەر لاشەی شەهیدانماندا خاكی هەرێمی كوردستانیان داگیركرد.
هەمان ئەو هێزە ئەمنیانە هەزاران كادیری سوننە و ئاینزا و نەتەوەكانی دیكەیان زیندانی كرد، بە ئیستیغلال كردنی یاسای تیرۆر و دوور لە هەموو بنەماكانی مافی مرۆڤ. هەربۆیەشە هەر هەوڵێكی نەزۆكی لەمشێوەیە سڕینەوەی خەبات و قوربانیدانی شەهیدان و پێشمەرگەكانی كوردستانە بۆ سەربەخۆیی گەلەكەمان و پاراستنی مافی مرۆڤ.
Your Comment