بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێبوار بابکەیی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ باسنیووز ڕایگەیاند: "یەکێتی بەو ناپاکیە و بەو کردەوە نادەستوورییە قێزەونە، جگە لەوەی کە کارێکی پێچەوانەی دەستووری کرد، کە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە هەموو شێوەیەک نەیانتوانیوە دەست ببەن بۆی، پشتیوانیی هەوڵ و بزاڤی کەسانی شۆڤێنی و دژە بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانی کرد کە لەناو حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، لە ٢٠٠٥ تاوەکوو ئێستا کاریان بۆی دەکرد، بەداخەوە یەکێتی لەبری ئەوان هات و ئەو ڕێگەیەی بۆ خۆش کردن کە بتوانن دەستوەردان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستاندا بکەن، واتا ئەوەی ئەوان پێیان نەکرا، یەکێتی بۆی کردن و ڕێگاکانی بۆ کورت کردنەوە".
بابکەیی گوتیشی: "یەکێتی بەو کردەوە ناشرینە، کە دوورە لە بەها سیاسی و نیشتمانییەکان، هەوڵی دا لەو ڕێگەیەوە ئەو هەموو گەندەڵی و تیرۆرە و ئەو هەموو شکستە گەورەیەی خۆی لە سنووری سلێمانی پەردەپۆش بکات، کە ماوەی چەندین ساڵە پارەی ئەو سنوورە دەدزێت، هەروەها ویستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووشی ئیحراجی بکات لەوەی کە ئەوە حکوومەتی هەرێمە بەرپرسیارە لە کەموکورتییانەی لەو سنوورەدا هەیە، لە کاتێکدا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی دادپەروەری و جیاوازی نەکردنەوە کاری بۆ دابینکردنی مووچەی فەرانبەران و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەر شوێنێک بێت کردووە، لەبەرئەوە خەڵکی باش دەزانن، ئەوەی یەکێتی کردی تەنیا خیانەت و دەستکێشکردنی ئەو لایەن و کەسە شۆڤێنییانەیە، کە ساڵانێکە لە دژی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کار دەکەن".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەداخەوە ئێستا بۆ خەڵکی دەرکەوتووە، کە یەکێتی ژەهرەکەی زۆر زیاترە لە ژەهری حەنان فەتلاوی و یوسف کیلابی و هاوشێوەکانیان، کە ئەوەش جێگای پرسیاری گەورەیە، کە پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان بێن و ڕێگری لەو کارانەی یەکێتی بکەن، گوتیشی: "ئەرکی راستەقینەی یەکێتی لە بەغدا دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە، بەڵام ئەوەتا بە پێچەوانەوە، بووەتە ئامرازێک بۆ ئەو هێزە شۆڤێنییانەی کە کار لەسەر لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوە یەکێتییە هەوڵ دەدات دەسەڵاتی حکوومەتی هەڕیمی کوردستان لە دابەشکردنی مووچەدا سنووردار بکات، کەچی دێت و لە میدیاکانەوە موزایەدە بە بابەتی مووچەوە دەکات، ئەوەتا لە هەمان کاتدا یەکێتی هیچی لە بابەتی دابینکردنی بوودجە و مووچەی کوردستاندا پێناکرێت و هەموو ئەرکەکە لەئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە".
Your Comment