دیاری کردنی ۹۰ ڕۆژ لە لایەن هاوپەیمانان بۆ یەکگرتنەوەی هێزەكانی ۷۰ و ۸۰ ئەساسی نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرماندەی هێزەکانی حەفتای یەکێتی، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ۹۰ ڕۆژی وەکوو دوا وادە دیاری کردبێت بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی ۷۰ و ۸۰ پێشمەرگەی سەر بە یەكێتی و پارتی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم ڕۆژی چوارشەممە ۱۴/۶/۲۰۲۳ لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند هێزەکانی هاوپەیمانان تەنیا ۹۰ ڕۆژیان داوە بە هێزەکانی پێشمەرگە بە مەبەستی یەکگرتنەوەیان.

ڕاپۆرتەکە لە زاری سەرچاوەیەکی کە ناوی نەهێناوە دەڵێت: "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وادەیەکی کاتی بۆ هەردوو حزبی کوردی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی داناوە و ئەگەر پابەند نەبن بە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، ئەوا هاوکاریەکانیان دەبڕدرێن."

لەم بارەوە فەرماندەیی هێزەکانی ۷۰ بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند: "دەمێکە هاوپەیمانان دەڵێن یەکبگرنەوە. ئێستاش پێمان دەڵێن و تازە نییە. بەڵام ئەوەی بڵێن مەوعیدی ۹۰ ڕۆژیان دیاری کردبێت ئەسڵ و ئەساسی نییە. ئەم هەواڵانە بە درۆ بڵاو دەکرێنەوە وئەوانە ناحەزن."

مستەفا چاوڕەش دەشڵێت: "بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکای پێشمەرگە لەگەڵ هاوپەیمانان ڕیککەوتنی چوار بۆ پێنج ساڵیمان هەیە. ڕێککەوتنەکە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە دەستی پێکردووەو لە ۲۰۲۶ تەواو دەبێت."

پێشتریش جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە،  ڕایگەیاندبوو، "ئەگەر هەرێمی کوردستان هێزەکانی خۆی ڕێکنەخات ئەوا هاوپەیمانان جێمان دەهێڵن، وەک چۆن ئەفغانستانیان بەجێهێشت."

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی باڵای سەربازی بەریتانیا بە بەسەرۆکایەتی مارشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە راوێژکاری بەرگری بەریتانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەرێم کۆبوویەوە، لە نێوانیان نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی.

لە ڕاگەیێندراوێکی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی هاتووە: "هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ڕێکخستنه‌وه‌ و یه‌کخستنی پێشمه‌رگه و چاکسازییه‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ کرده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا که‌ ده‌بێت پرۆسه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی کاراتر به‌ڕێوه‌ بچێت."

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت کە قوباد تاڵەبانی بە شاندەکەی وتووە: "نابێت ململانێی حیزبی و کێشە سیاسییەکان کاریگەرییان هەبێت لەسەر جێبەجێکردنی رێڕەوی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەکگرتووتر و تۆکمەتر و راهێنراوتر بێت."

سەبارەت بە دەنگۆی وادە سێ مانگیەکەی هاوپەیمانان، دەنگی ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگە کرد بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.

لە پرسیاری ئەوەی تاچەند خراپی پەیوەندیەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی بۆتە بەربەست لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، مستەفا چاوڕەش بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئێمە ئەگەر پەیوەندیەکانمان خراپیش بێت خۆ نایگەیەنینە مریشکە ڕەشە."

ناوبراو وتیشی: "دەبێت ئەو پەیوەندیانە چاک بکرێت، هەردوو حزبی سیاسی دانیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن. ئێمە تا ئێستا نەمانهێشتووە بچوکترین کاریگەری بکاتە سەر هێزی پێشمەرگە. چی بوبێت لە نێوانماندا، هێزی پێشمەرگە تەرەفدار نەبووە."

سەبارەت بە میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، فەرماندەی هێزەکانی حەفتا دەڵێت، پرۆسەی چاکسازی پێویستی بە کات هەیە.

فەرماندەی هێزەکانی حەفتای یەکێتی وتیشی: " ئەوە ئیشی شەوو ڕۆژ نییە. هەر خۆم ۵۵۰۰ ئەندامی هێزی پشتیوانیم خستۆتە سەر وەزارەت، دوو فرقەمان لێ دروستکردووە، چوار لیوای ترمان خستۆتە سەر وەزارەت کە لیوای زیاترە لە ۳۰۰۰ پێشمەرگە."

News Code 221679

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha