ئاسایشی هەسەدە لە گوندەواری قامشلۆ گەمارۆی بازگەیەکی حکوومەتی سووریای دا

بەشی سووریا- لە وەڵامی گەمارۆدانی گەڕەکە زۆرینە کوردەکان لە حەڵەب و ناوچەی کامپەکانی ئاوارەکانی عەفرین لەلایەن حکوومەتی ناوەندیی سووریاوە، ئاسایشی ڕۆژاوا بازگەیەکی حکوومەتی سووریای گەمارۆ دا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، هێزەکانی دژە تیرۆری ئاسایشی رۆژئاڤا لە دەوروبەری زانکۆی تایبەتی قورتوبە، لە نزیک خاڵێکی پشکنینی حکومی لەسەر رێگای نێودەوڵەتی کە بەرەو فڕۆکەخانەی قامشلۆ دەڕوات، جێگیر بوون.

پێنجشەممەی رابردووش ئاسایشی رۆژئاڤا  گەمارۆی ئەو خاڵانەی سەر بە حکوومەتی دیمەشقیان دا لە ناوچەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و داوایان لێکردن ئابڵوقەی سەر گەڕەکەکانی حەڵەب و گوندەواری باکووری شارەکە هەڵبگرن.

لە دوای کۆنترۆڵ کردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە و ئاوارەبوونی دانیشتووانەکەی بۆ حەڵەب و کامپەکانی گوندەواری، فیرقەی چواری هێزەکانی حکومەت ئابڵوقەیەکی پچڕپچڕ بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەسەپێنن و رێگری لە هاتنە ژوورەوەی دەرمان و سووتەمەنی و خۆراک دەکەن بۆ ئەو ناوچانە.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دانوستانانەی چەند رۆژێکە لە نێوان هەردوولادا سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر حەڵەب بەردەوامە، هیچ ئەنجامێکی نەبووە، هەروەها گەمارۆدانی سەر هێزەکانی حکوومەت تا ئێستاش لە فڕۆکەخانەکەش بەردەوامە.

ئاماژەیان بەوەش کرد، ئەگەری ئەوە هەیە کە هێزەکانی ئاسایش گەمارۆ بخەنە سەر گۆڕەپانی ئەمنی هێزەکانی حکوومەت لە ناوەندی قامیشلۆ.

News Code 221595

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha