بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یاسین حهمهعهلی، سەرپەرشتیاری ژووری ههڵبژاردن و ئاماری بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاندووە بە دیاریکراوی ناکۆکیی نێوان یەکێتی و پارتی هۆکار بوو بۆ ئەوەی لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بە ئاکام نەگەن و بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەربچێت.
سێشەممەی رابردوو، دادگەی فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری و نایاسایی ناساند و رایگەیاند: "هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە".
یاسین حەمەعەلی باس لەوە دەکات، بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵی داوە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بە شیوەیەکی پاک و بێگەرد بکرێت. دەشڵێت، ''بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێمە هەوڵمان بۆ دا، بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە ئامانج نەگەیشت و دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەرکرد.''
سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردن و ئاماری بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە، دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، لە هەرێمی کوردستان بۆشایی یاسایی هەیە و دامەزراوەکانیشی بوونەتە کاربەڕێکەر. گوتیشی، ''دەبێ سەرۆکی هەرێمی کورستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەسەر وادەیەک رێکبکەون، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت.''
بە گوتەی یاسین حەمەعەلی، تائێستا هیچ یەک لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی رای خۆیان بە روونی ئاشکرا نەکردووە و گوتی: ''ئەوەندی من ئاگادارم، هیچ دەستپێشخەرییەک لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆمیسیۆنی عێراق نەچووە.''
کەمتر لە شەش مانگ بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18-11-2023ی دیاری کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستانیش دوای بڕەیارەکەی دادگەی فیدراڵی هەڵوەشێندراوەتەوە و کۆمیسیۆنی عێراقیش رایگەیاندووە بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، ماوەی 10 مانگی پێویستە.
هەروەها کۆمیسیۆنەکە رایگەیاندووە، توانای ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستانی لە یەککاتدا نییە.
سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردن و ئاماری بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا جڤاتی نیشتمانی بۆ تاوتوێ کردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و شێوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و بڕیاری خۆی دەخاتەڕوو.
Your Comment