بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "لای هەموو لایەک ئاشکرایە پارتی کە لە کاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەموو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبوونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جددی لێکردن بۆ ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی تەوقیتاتی یاسایی دیاری کراو".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێستاش ناگەڕێینەوە بۆ باس کردنی هەنگاوەکان و بە خەمەوەبوونمان بۆ پڕۆسەکە، بەڵکوو داوا لە هەموو لایەنەکان و هاوڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و ڕێخۆشکەر بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد".
وتەبێژی پارتی دەڵێت: "داوا لە حکوومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، ئەوەی بۆ پارتی گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە".
دادگای فیدڕاڵی عێراق دوێنێ سێشەممە شەشەمین کۆبوونەوەی لەبارەی سکاڵای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دا و بڕیاری دا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە و هەر کارێکیش پەرلەمان کردبێتی نایاسایە.
ئەو سکاڵایەی ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری لەبارەوەدا لەلایەن د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەرکەکەی تۆمار کراوە.
Your Comment