بە ئامانجی گوشار دروست کردن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە پەرلەمان کشاینەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی ئامانجی دەستلەکارکێشانەوەی بە کوردپرێسی وت: «ئامانجی ئێمە دروست کردنی گوشار بوو بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژادن و لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا بە گەرم و گوڕی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورڕدستان دەکەین».

کوردپرێس

پاش بەسەر چوونی ماوەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ۱۱ پەرلەمانتار دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان بایکۆت کرد و لە مانگی ئایاردا ٧ نوێنەر بە فەرمی دەستیان لەکارکێشایەوە، عەبدلسەتار مەجید، یەکێک لە پەرلەمانتار دەستلەکارکێشاوەکان لەبارەی دەسکەوتەکانی ئەو هەوڵەیان بە کوردپرێسی وت: بایکۆتی پەرلەمان و کۆبوونەوەکان، لەپێناوە ئەوەی کە فشارێک دروست بکات لەسەر هەموو لایەنەکان تا لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بگەیەنە ئەنجام و هەروەها گوشارێکیچ بوو بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.

ناوبراو درێژەی دا: لەبارەی ئەنجامەکەشی من پێم وایە ئەنجامی بووە چوونکە پەرلەمانێک کە نوێنەری خەڵکە لە ۶ی ۱۱ی ۲۰۲۲دا کە ماوەی بەسەر چووە تا ئێستا ئەوە شەش مانگە تەنها ۶ کۆبوونەوەی ئەنجام داوە. بۆیە من پێم وایە ئەمە فشارێکە لەسەر لایەنەکانی دەسەڵات و لەسەر هەموو لایەک بۆ ئەوەی لەسەر یاسای هەڵبژاردن بگەیەنە ئەنجام و هەڵبژاردن لە کاتی دیاری کراوی خۆیدا بکرێت.

عەبدولسەتار مەجید لەبارەی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی ڕایگەیاند: پێم وایە هەموو ئەو جموجووڵە سیاسی و ئەو کۆبوونەوانەی کە ئەنجام دەدرێن و ئەو گفتوگۆیانەی کە دەکرێن سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان هەمووی فشارن بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردن بکرێت و دۆخێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان بێتە پێشەوە. واتا پەرلەمانێکی نوێ و حکوومەتێکی نوێ پێکبهێندرێت. پێم وایە هەموو ئەوانە کاریگەریی خۆیان هەبوو.

ناوبراو درێژەی دا سەبارەت بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، من بێ گومان پێم وایە کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان. هەر وەکوو چۆن ناتەبایی و ئەم ململانێ کە بە تایبەتی لەم چەند مانگەی ڕابردوو قووڵ بووبووەوە کاریگەریی نەرێنیی هەبوو، بێ گومان نزیک بوونەوەیشیان کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت.

عەبدولسەتار مەجید وتیشی: بەهەر حاڵ ئەوەی کە بەلای ئێمەوە گرینگە ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت کەش و هەوایەک بخولقێت کە بتوانبن هەڵبژاردنێکی ڕێک و پێک و خاوێن دوور لە ساختەکاری ئەنجام بدەین و بە تایبەتیش لەسەر یاساکەی ڕێک بکەوین لە کاتی خۆیدا بەڕێوەی ببەین.

عەبدولسەتار مەجید لەبارەی بەرنامەی حزبەکە بۆ بەشداری کردن یان بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە وەکوو کۆمەڵ بە شێوەیەکی گشتی بڕیارمان داوە کە بە گەرم و گوڕی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورڕدستان دەکەین، بەڵام ئایا بە یاسا کۆنەکەی بێت چۆنە و بەو یاسایە کە دەمانەوێت هەمواری بکەین چۆن دەبێت بەڕاستی ئێمە هێشتا قسەمان لەسەری نەکردووە.

News Code 221451

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha