بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵەبانی، لەمیانی بەشداری کردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی لە یۆنان ڕایگەیاند: "سەرچاوە سروشتییەکان وادەکەن حکوومەت تەمەڵ بێت، پێویستە خزمەتگوزاری باش پێشکەشی گەلەکەمان بکەین."
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد: "ئێمە پێویستییەکی زۆری ناوخۆییمان بۆ وزە هەیە، سەرچاوەیەکی زۆرمان لە غاز هەیە کە تا ئێستا دەرنەهێنراون، کۆی سەرچاوەی داهاتی ئێمە پشت بە نەوت دەبەستێت و پێویستە ژیرانە رەفتار بکەین بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات."
تاڵەبانی راشیگەیاند: "پشتبەستن بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی تر ئابورییەکی سەقامگیرمان بۆ دەستەبەر ناکات، بۆیە دەبێت پشت بە سەرچاوەی داهاتی تر ببەستین، بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی یۆنان و وڵاتانی تر وەربگرین".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: "کارمان لەسەر حکوومەتێکی ئەلیکترۆنی کردووە، ئەگەر شەفافیەت هەبێت گەندەلی قورس دەبێت، چوونکە حکوومەتێکی بیرۆکراسی وادەکات گەندەڵی بڵاو ببێتەوە".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە: "یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە کوردستان شتێکە باوەڕمان پێیەتی، ژنان دەتوانن رۆڵێکی باش لە حکوومەتدا بگێڕن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم وتی: "لەڕووی جیۆپۆلتیکەوە، کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و دەبێت بە حەکیمی مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانمان بکەین، پێویستە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت."
ناوبراو وتیشی: "پەیوەندی باشمان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا هەیە، هاوکات دژی ئێران و تورکیا نین، پویستە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان پتەوتر بکەین".
تاڵەبانی راشیگەیاند: "پەیوەندیمان لەگەڵ کوردانی سووریاش هەیە و پێکەوە شەڕمان لەگەڵ داعش کردووە".
Your Comment