بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەرال ریچارد بێل جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد، لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و سووریا تاوتوێ کرا.
جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، جەختی لە گرنگیی بەردەوام بوونی هاوکاری و یارمەتیدانی پێشمەرگە و هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ سوپای عێراق کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، لەم ڕووەوە کاراکردنەوەی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنی هاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدراەی هەرێم بە هەنگاوێکی ئەرێنی دانرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتگیریی و هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و دووپاتی کردەوە کە بۆ تێکشکاندنی داعش و تیرۆر بە گشتی، پێویستە هۆکار و فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر بنبڕ بکرێن.
بارزانی ئاماژەشی بە گرنگیی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش کرد لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەو هیوایەی ببێتە هەنگاوێک بە ئاراستەی سزادانی تیرۆریستانی داعش و هێنانەدی دادپەوەریی و قەرەبوو کردنەوەی قوربانییان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment