کوردپرێس:
ڕۆژی شەممە، 1ی 5ی 2021 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بارەی هێرشەکانی داعشەوە بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، "ئێمە چەندین جار حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشایییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگادار كردووەتەوە".
دەشڵێت، "لێرەدا جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بەخێرایی كار بكەن لەسەر دروست كردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكارنەهێندرێت".
هاوکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەبوونی داعش لەو ناوچانە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان.
باسی لەوەشکردووە، هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییێک لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیێكی خێرا.
ئەمە لەکاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو و کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەک، چەکدارانی داعش لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، هێرشیان کردە سەر دوو سەنگەری سەربازی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا دروست بوو، کە تیایدا شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا کەوتەوە.
Your Comment