دیداری نێچیرڤان بارزانی و ئیلۆن ماسک: لووتکەی دیپلۆماسی و تەکنۆلۆژیا/ بەختیار سەجادی

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کە هەمووان چاویان لەسەر شاشەکان بوو بۆ ئاگاداربوون لە دواهەمین پەرەسەندنەکانی سووریا، دیداری نێوان ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیلۆن ماسکی کەسایەتیی ناوداری جیهان لە بواری پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ئابووریدا سەرنجی ڕاکێشام. بەم دیدارەوە کورد ئەوەی پیشانی هەموو جیهان دا کە، چ لە ڕابردوودا و چ ئێستاش، ئەو نەتەوەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە توانیویەتی بە کردەوە و لە ناو دونیایەک بەربەستی کەڵەکەبوودا شێلگیرانە جێگە و پێگەی خۆی نەک هەر لە هاوکێشە سیاسییەکاندا مسۆگەر بکات بەڵکوو تەنانەت هەوڵی ئەوەش بدات لە زانست و تەکنەلۆژیاشدا بچێتە نێو نەخشەی گۆڕانکارییەکانەوە، ئەویش تا ئەو ئاستەی کە تەنانەت لە ساتە هەستیارەکانیشدا بیر لە دواڕۆژی پڕشنگدار و گەشەپێدان بکاتەوە.

جیاوازییەکی گەورەی دیدارەکانی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کڵێسای نۆتەردام لە پاریس ئەوەیە کە وێڕای گەورە کەسایەتییەکانی بواری سیاسەت و هونەر لە جیهاندا ئەمجارەیان گفتوگۆ لەگەڵ ئیلۆن ماسک‌دا دەکات. نێچیرڤان بارزانی ناسراوە بەوەی نەک هەر لە کۆبوونەوەی فەرمیی گەورە سیاسەتوانانی دونیادا دادەنیشێت بەڵکوو پێوەندیی نزیک و دۆستانەشی لەگەڵیاندا هەیە. کەم سیاسەتوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توانیویەتی هێندەی ئەو بایەخ بە لێکتێگەیشتن بدات لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە و کەم کەسایەتی هەیە وەک ئەو لەم ڕووەوە گەیشتبێتە لووتکەی دیپلۆماسیی کردەیی و تەنانەت تەشقی نێوەندگیریی قازانجبەخش.

لە کاروباری نێوخۆییی هەرێمی کوردستانیشدا نێچیرڤان بارزانی گەلێک جاران توانیویەتی گرێ کوێرەی مشتومڕی نێوان لایەنەکان بکاتەوە و بیانگەیێنێتە قۆناغی دانوستان، ئەمەش تا ئەو ڕادەیەی کە گەرچی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام هاوکات بە بەرپرسیارییەوە پێوەندیی هەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستاندا. مامەڵەی باشی بەڕێزیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە پێگەی سەرۆکی حکومەتدا لەگەڵ بەڕێز قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت لە لایەکەوە و پێوەندیی باشی لەگەڵ حیزبەکانی تردا لە لایەکی ترەوە دەرخەر و پیشاندەری ئەو ڕاستییەن.

سەبارەت بە پێوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەش نێچیرڤان بارزانی بە پیاوی تواندنەوەی سەهۆڵەکان ناسراوە. ئەو بۆ هەمووانی سەلماندووە بەڕێوەبەری ڕاستەقینەی چارەسەرکردنی قەیرانە چەقبەستووەکانە. بۆ نموونە، وەک لەم ساڵانەی دواییدا بینیمان، توانی سەرکەوتووانە نێوانی ساردی هەرێم لەگەڵ ئێراندا گەرم بکاتەوە. هەر ئەو کاتە لە وتارێکدا نووسیم "سەرۆکی هەرێم توانی هەڕەشەکان بگۆڕێ بۆ دەرفەت و  هەلەکان بقۆزێتەوە، بۆیەش دەکرێ وەک پیاوی ژمارە یەکی مەیدانی دیپلۆماسی ناوی لێ بەرین."

دیدارەکانی سەرۆکی هەرێم لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کڵێسای نۆتەردام جیاواز بوو لەبەر ئەوەی ئەمجارەیان لەگەڵ کەسێکدا خەریکی قسەکردنە کە دەسەڵات و کاریگەریی نەک هەر لە سەرۆکی وڵاتە زلهێزەکان کەمتر نییە، بگرە کاریگەرییەکانیشی لەوان زیاترە. ئیمڕۆژە کاریگەریی ئیلۆن ماسک کەوتووەتە دەرەوەی بازنەی سنوورداری چەند وڵاتێکی دیاریکراوەوە. جێپەنچەی ئیلۆن ماسک گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بەسەر زەین و ئاکاری تاکەکەسیشدا لە هەموو جیهان هەستی پێدەکرێت، ئەمەش تا ئەو ئاستەی هەر کام لە ئێمە لە مۆبایلەکانماندا ئیلۆن ماسکێکمان لەگەڵدایە. لە بواری تەکنۆلۆژیاشدا، ئەو ئاستە گەشەسەندووەی کۆمپانیای سپەیس‌ئێکس لە بواری هەڵدانی هاژەک و مانگیلە بۆ بۆشاییی ئاسمان پێی گەیشتووە تەنانەت لە ناساشدا نابیندرێ، کە گەورەترین دامەزراوەی جیهانە لە بوارەکەدا.

ئیلۆن ماسک لەو قسەوباسانەش کە سەبارەت بە لێکەوتە جۆراوجۆرەکانی ژیریی دەستکرد هاتوونەتە ئاراوە توانیویەتی هۆشیاریی مرۆڤایەتیی لەسەر ئەم پرسە زێدە گرنگە بباتە سەر و دەوری ئەرێنی بگێڕێت لە بەرەوپێشچوونی ئەم دیاردە نوێ و چارەنوسسازەی کۆمەڵگای مرۆییدا. هەڵەمان نەکردووە کە ماسک وەک کەسایەتیی ژمارە یەکی جیهان لە تەکنەلۆژیای زانیاریدا ناوبەرین. لە بیرمە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە یەکێک لە گوتارەکانیدا لە ساڵی ٢٠٠٤دا بە بایەخەوە پەنجەی لەسەر گرنگیی پرسی تەکنۆلۆژیای زانیاری دانا، ئەمەش ئەو کاتە بوو کە کەمتر سیاسەتوانێکی ئەم ناوچەیە ئاوڕی لەم مژارە دەدایەوە.

دیداری نێوان ئەم دوو کەسایەتییە بەناوبانگەی دونیای سیاسەت و پێشکەوتن مژدەبەخشی کۆمەڵێ گۆڕانکاریی ئەرێنییە بۆ ئەم دەڤەرە، چ لە ڕووی زانستی و تەکنۆلۆژیکەوە و چ لە ڕووی سیاسی و تەنانەت ئابووریشەوە لە ئاستێکی گەورەتردا. نێچیرڤان بارزانی کە پاش ساڵی ٢٠٠٣ دەوری سەرەکیی گێڕا لە کردنەوەی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەولێر، ئەمجارەیان خەریکە ئیلۆن ماسک بە کوردستان ئاشنا دەکات؛ ئەمەش واتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ تاکی کورد و کوردستانی.

News Code 224501

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha