بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئیدارەی شارەوانیی شاری مەریوان داوای لە دانیشتوانی دوو گوندی ئەسراوا و گومارەلەنگ کرد جارێکیتر ماوە درێژ بکەنەوە بۆ شارەوانی و هەر بۆیەش سەرۆکی ئەنجومەنی گوندی ئەسراوا سێ مانگی تر دەرفەتی بە شارەوانیی مەریوان داوە کێشەی زبڵ یەکلا بکاتەوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە ئیدارەی شارەوانیی مەریوان بۆ ماوەی سێ مانگی تریش دەتوانێت لە چوار ڕۆژی حەفتەدا زبڵی شاری مەریوان لە نزیک گوندی ئەسراوا کۆ بکاتەوە و بۆ گەرەنتی کردنیش ئیدارەی شارەوانیی شاری مەریوان چەکێکی 5 ملیار تمەنیی داوە بە نوێنەری خەڵکی گوندی ئەسراوا کە پاش سێ مانگ چیتر بۆی نییە لەو شوێنە زبڵ هەڵڕێژێت.
کێشەی یەکلا کردنەوەی شوێنی کۆ کردنەوەی زبڵی شاری مەریوان دەمێکە ورووژاوە و چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزاییی بۆ کراوە و قایمقامی پێشووی مەریوان بڕیاری دابوو زووبەزوو لەگەڵ شارەوانی پێشووی شارەکە ئەو کێشەیە بخەن بە لایێکدا؛ بەڵام سەرەڕای ئەوەی 16 مانگ بە سەر یەکەم بڕیارنامەی واژۆکراوی قایمقامێتی و شارەوانیدا تێدەپەڕێت تا ئێستاش قایقمام و شارەوانی نوێی مەریوانیش نەیانتوانیوە تەگبیرێک بۆ ئەو کێشەیە بکەن و دیسان شارەوانی مەریوان ڕووی لە خەڵکی گوندی ئەسراوا کردۆتەوە داوای لێکردوون سێ مانگی دیکە دەرفەت بدەن بەڵکوو ڕاوێژێکی بۆ بکرێت.
پێشتر داواکاری گشتیی شاری مەریوانیش فەرمانی ئەوەی دەرکردبوو کە هەڵڕشتنی زبڵ لە نزیک گوندی ئەسراوا و گومارەلەنگ قەدەغەیە و بۆگەن و کێشەی عفوونیی زبڵەکە خەڵکی گوندەکەی ئیزعاج کردووە بەڵام تا ئەم کاتە کێشەکە وەکوو خۆی ماوەتەوە و جەلال شەریفی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی گوندەکە و دانیشتوانی هەردوو گوندی گومارەلەنگ و ئەسراوا داوای چارەسەرێک دەکەن بۆ ئەو کێشەیە و دەڵێن بەرپرسەکانمان گوێی خۆیان لێخەواندووە تا ئەم کاتە هیچیان نەکردووە.
کارناسان دەڵێن چارە کردنی کێشەکە پێویستی بە دەسەڵاتێکی زیاتر هەیە و دەبێت لە ئاستی پارێزگا و وەزارەتدا بەدواداچوونی بۆ بکرێت بەڵام تا ئێستا هیچ فەرمان یان چارەسەرێکی دیار بۆ ئەو کێشەیە لە سەرەوە نەهاتووە و دیار نییە ئەو کێشەیە چی بەسەر دێت...
Your Comment